بەهار عەلی لە هەولێر دەستگیر کرا و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ یونس راویش دەرچوو
وێستگەنیوز-
هێزە ئەمنییەکانی شاری هەولێر، بەهار عەلی سەرۆکی رێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنییان دەستگیر کرد و فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ یونس راوی دەرچوو.
دادگای کەتنی هەولێر یاداشتێکی فەرمی ئاراستەی هێزەکانی پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان کردووە بە مەبەستی دەستگیرکردنی (بەهار عەلی)، سەرۆکی رێکخراوی «ئێمە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی»، بڕیارەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ناوبراو لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە راگیراوە.
هاوکات لە بەردەم باڵەخانەی دادگای هەولێر، ژمارەیەک لە پارێزەران و چالاکوانانی مەدەنی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، دەستگیرکردنی بەهار عەلی لەسەر بنەمای ماددەی 372 لە یاسای سزادانی عێراقی بووە، ئەوەش بە تۆمەتی «سوکایەتیکردن بە بیروباوەڕی موسڵمانان».
هەر لە چوارچێوەی ئەو کەیسەدا، پەیامنێری وێستگەنیوز لەهەولێر پێی راگەیاندین بەپێی ئەو زانیارییەی لەبەردەستدایە، (یونس راوی) یەکێکی دیکەیە لەو کەسانەی لەلایەن چەند چالاکوانێکی مەدەنییەوە لە هەولێر سکاڵای لەدژ تۆمارکراوە، بەو هۆیەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە و ناوی گشتێندراوە بۆ بازگەکان، تاوەکو لە کاتی چوونی بۆ هەولێر دەستگیر بکرێت.
جێی ئاماژەیە، ماددەی 372 لە یاسای سزادانی عێراقی، تایبەت کراوە بەو تاوانانەی پەیوەستن بە سوکایەتیکردن بە ئاینەکان و پیرۆزییە ئاینییەکان، یان هەر رەفتار و لێدوانێک کە ببێتە هۆی بریندارکردنی هەست و سۆزی ئاینیی هاووڵاتییان و سزای یاسایی بۆ سەرپێچیکاران دیاری دەکات.
PM:03:38:15/07/2026
ئهم بابهته 404
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت