وەزارەتی کارەبا: لەمەودوا بەهۆی نەدانی پارەی پسوولە و قەرزی کۆن کارەبا بە ئۆتۆماتیکی دەبڕدرێت


وێستگەنیوز-

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشدارییەکی تووند دەداتە هاوبەشانی پرۆژەی رووناکی و رایدەگەیەنێت، هەر هاوبەشێک لە ماوەی 50 رۆژدا پارەی پسوولەکەی نەدات، کارەباکەی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەبڕدرێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی تەمووزی 2026، وەزارەتی کارەبا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو هاوبەشانەی لە ماوەی 50 رۆژی دوای دەرچوونی پسوولەکانیان پارە نادەن، لە رێگەی سیستەمەوە کارەباکەیان دەبڕدرێت تا ئەو کاتەی هەموو پارەکان دەدەن.

جەختیشی کردەوە کە ئەم بڕیارە قەرزی کۆنی (پێش پرۆژەی رووناکی)ش دەگرێتەوە و لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو قەرزانەش دەبنە هۆی بڕانی ئۆتۆماتیکی کارەبا.

بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەم رێوشوێنە بەشێکە لە رێنماییەکانی ساڵی 2019 و ئامانج لێی دادپەروەرییە لە نێوان هاوبەشاندا، چونکە بەشێکی کەم لە هاووڵاتیان کارەبایەکی زۆر بەکاردەهێنن و پارە نادەن، ئەمەش بارگرانی بۆ وەزارەت دروست دەکات لە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری.

وەزارەتی کارەبا دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان، ئەگەر بەهۆی پارەنەدانەوە کارەبایان بڕدرا، ئەوا دوای دانەوەی قەرزەکانیان لە رێگەی "ئی-پسوولە"، لە کەمتر لە 24 کاتژمێردا کارەباکەیان بۆ دەگەڕێتەوە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا داوا لە هاوبەشان کراوە، بۆ ئەوەی لە کاتی دەرچوونی پسوولەکانیان ئاگادار بکرێنەوە، لە رێگەی ماڵپەڕی رووناکی یان پەیوەندیکردن بە ژمارە 1992 خۆیان تۆمار بکەن، تاوەکو لە رێگەی کورتەنامەوە وادەی کۆتاییهاتنی پارەدان و بڕینی کارەبایان پێ رابگەیەنرێت.


PM:01:37:15/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو