هێمن هەورامی: هیچ بیانوویەکی سیاسی نەماوە و دەبێت پەرلەمانی کوردستان دەستبەکار بێتەوە


وێستگەنیوز-

هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، پاش تێپەڕبوونی 20 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، چیتر هیچ بیانوویەکی سیاسی بۆ پەکخستنی پەرلەمان نەماوە و پێویستە هەرچی زووتر دانیشتنەکان دەستپێبکەنەوە.


ئەمڕۆ سێشەممە 14ی تەمووزی 2026، لە میانی پێشوازیکردنی لە جانێت ئەلبێرتا، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق و جێگری کونسوڵی گشتی ئەو وڵاتە، هێمن هەورامی تیشکی خستە سەر دوایین هاوکێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند: "پارتی ئامادەیە هەرچی زووتر پەرلەمان کارا بکرێتەوە، تاوەکو لەوێوە گفتوگۆکان بۆ هەنگاوە یاسایی و دەستوورییەکانی دیکە بنرێن".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، پاش ئەنجامدانی دەیان کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان و لایەنەکانی دیکە، رێککەوتنی سیاسی لەسەر بنەمای چەسپاندنی هاوبەشی و سازان ئیمزا کراوە، بۆیە ئێستا سەرجەم ئەو لایەنانەی ئەندامی پەرلەمانیان هەیە، لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەی سیاسی و یاسایی و نیشتمانیدان بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی پەرلەمان.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، هێمن هەورامی روانگە و هەڵوێستەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆی هەرێم بۆ شاندی میوان روون کردەوە، هاوکات سوپاسی رۆڵی باڵیۆزی هۆڵەندای کرد کە لە کاتی کارکردنی وەک کونسوڵ لە ساڵی 2016 و هەروەها لە ئەرکی ئێستای وەک باڵیۆز، رۆڵێکی دیار و بەرچاوی هەبووە لە پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی هۆڵەندا.


PM:02:17:14/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو