بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا: حکومەت جیاکاری دەکات و پارەی سندوقی شێرپەنجەی بۆ سلێمانی نەناردووە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی تەمووزی 2026، د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەنتەری مۆخی ئێسک لە سلێمانی توانیویەتی یەکێک لە وردترین پرۆسەکانی چاندنی مۆخی ئێسک بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدات، کە ئەگەر ئەو نەخۆشە رەوانەی دەرەوەی وڵات بکرایە، تێچووەکەی 140هەزار دۆلار لەسەر حکومەت دەکەوت.


بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم سەنتەرە لە کاتێکدا ئەو خزمەتگوزارییە پێشکەش دەکات، کە تەواوی کارەکانی تەنیا لەسەر داهاتی ناوخۆی شاری سلێمانی و هاوکاری سەرمایەدار و خێرخوازان بەڕێوەدەچێت، وتیشی: "تاوەکو ئێستا 523حاڵەتی چاندنی مۆخی ئێسکمان ئەنجامداوە، کە تەنیا %40ی نەخۆشەکان خەڵکی سلێمانی و دەوروبەرین، لە کاتێکدا %60ی نەخۆشەکان خەڵکی پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و ناوچەکانی دیکەی عێراقن".

د. یاد نەقشبەندی بە نیگەرانییەوە باسی لەوە کرد، کە نە حکومەتی هەرێم و نە حکومەتی فیدراڵ هیچ تایبەتمەندی و پاڵپشتییەکیان بۆ ئەم سەنتەرە نەبووە، راشیگەیاند کە %40ی کارمەندانی نەخۆشخانەکە بە شێوەی خۆبەخش کار دەکەن و تێچووی 30کارمەندیشیان لەلایەن نووسینگەی قوباد تاڵەبانی و ئیدارەی گشتی یەکێتییەوە دابین دەکرێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری هیوا رەخنەی توندی ئاراستەی سەرۆکی حکومەت و وەزیری تەندروستی کرد و وتی: "تاوەکو ئێستا سەرۆکی حکومەت و وەزیر سەردانی ئەم سەنتەرەیان نەکردووە، زیاد لە شەش ساڵیشە جیاکارییەکی تەواو لەنێوان سلێمانی و پارێزگاکانی دیکەدا دەکرێت، بەجۆرێک لە دوای ساڵی 2020ـەوە، هیچ بڕە پارەیەک لە داهاتی سندوقی شێرپەنجەی پارێزگاکانی دیکەوە بۆ سلێمانی نەگەڕاوەتەوە".

د. یاد نەقشبەندی داوای لە حکومەت کرد ئاوڕێکی جدی لەم سەنتەرە بداتەوە و رای گشتیش بەرچاو روون بێت لەوەی کە نەخۆشخانەی هیوا بەبێ پاڵپشتی رەسمی حکومەت و تەنیا بە داهاتی سلێمانی خزمەتی تەواوی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات.


PM:01:54:12/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو