پۆلیسی هەولێر: ژنێک لە یەکێک لە شوقەکانی نیشتەجێبوونی هەولێر کەوتووەتە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە


وێستگەنیوز-

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر روونکردنەوەی لەسەر رووداوی گیانلەدەستدانی ژنێک لە یەکێک لە شوقەکانی نیشتەجێبوون بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە هاوسەری ژنەکە دەستگیرکراوە.


پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 11ی تەممووزی 2026، هێزەکانیان ئاگادارکراونەتەوە لە رووداوێکی کەوتنەخوارەوەی ژنێک لە یەکێک لە شوقەکانی نیشتەجێبوون (شوقەکانی مامۆستایان) لە شاری هەولێر، تیمەکانی پۆلیس و ئاسایش دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، ژنەکە ناوی (س. ا. ع)ـە و لەدایکبووی ساڵی 1997ـە، بە رەگەز کوردی رۆژاوای کوردستانە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەی رەوانەی پەیمانگەی پزیشکی دادی هەولێر کراوە.

هەر لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، هێزەکانی پۆلیس هاوسەری ژنەکەیان دەستگیرکردووە، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا هاوسەرەکەی ئاماژەی بەوە کردووە کە پێش رووداوەکە دەمەقاڵێ و کێشە لە نێوانیاندا دروستبووە.

لە ئێستادا پۆلیسی هەولێر پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە رێکخستووە تاوەکو رێکارە یاساییەکان بەرامبەر تۆمەتبارەکە تەواو بکرێن.


PM:11:26:11/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت