ناوەڕۆکی پڕۆژەکەی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بڵاوبووەوە
وێستگەنیوز-
لەماوەی پێشوتردا حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رایانگەیاندبوو، بە مەبەستی رێکخستنەوەی نێوخۆیی و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، پڕۆژەیەک بۆ پێکهێنانی (ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی) لە هەرێمی کوردستان خستۆتەروو، کە ئامانجی دروستکردنی ناوەندێکی نیشتمانییە بۆ بڕیاردانی ستراتیژی.
پڕۆژەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە زانستە سیاسییە هاوچەرخەکاندا، هێزی هەر قەوارەیەک تەنها لە توانای سەربازی و ئابووریدا نییە، بەڵکو پەیوەستە بە جۆری بڕیاردانەوە، لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەیەکی پڕ ململانێدایە، پێویستی بە ناوەندێکی یەکگرتووی بڕیاردان هەیە تاوەکو رێگری بکات لە بڕیاری پەرشوبڵاو و کاریگەرییە نەرێنییەکانی ململانێی حزبی لەسەر پێگەی هەرێم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
بەپێی پڕۆژەکە، ئەنجومەنەکە لە دوو بازنەی سەرەکی پێکدێت:
1. بازنەی یەکەم (داڕێژەرانی بڕیار): کە لە پسپۆڕانی یاسای نێودەوڵەتی، دەستوور، زانستە سیاسییەکان، ئابووریناسان، دیپلۆماتکارە دێرینەکان و پسپۆڕانی سەربازی و ئەمنی پێکدێت. ئەرکی ئەمان ئامادەکردنی پڕۆژە و هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانە.
2. بازنەی دووەم (ئەنجومەنی بڕیاردان): کە لە رێبەرانی حزبە سیاسییەکان پێکدێت و ئەرکیان پەسەندکردن یان پێداچوونەوەی ئەو بڕیارانەیە کە لەلایەن بازنەی یەکەمەوە ئامادە کراون.
بەپێی راگەیەندراوی پرۆژەکە، ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم ئەنجومەنە بریتین لە: پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی (خاک، وزە و ئاو)، بەهێزکردنی پێگەی هەرێم لە دانوستانەکاندا لەگەڵ بەغدا، کۆتاییهێنان بە ململانێی میدیایی حزبەکان لەسەر پرسە نەتەوەییەکان، و دروستکردنی متمانە لای وڵاتانی جیهان کە هەرێم خاوەنی یەک ناوەندی بڕیارە.
ئەوەش خراوەتەروو، ئەنجومەنەکە ئەرکی دیاریکردنی هێڵە سوورەکان لە دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، یەکخستنی هێزی پێشمەرگە وەک هێزێکی یەکگرتووی کوردستان، و خوێندنەوەی ستراتیژی بۆ بارودۆخی جەنگ و ئاشتی دەبێت.
لەپرۆژەکەدا جەخت کراوەتەوە، کە بڕیارەکانی ئەم ئەنجومەنە بە دەنگی زۆرینەی رەها پەسەند دەکرێن و بۆ هەموو لایەک پابەندکەر دەبن، بەمەش بەرپرسیارێتییەکان بە نیشتمانی دەکرێن و فشارە دەرەکییەکان لەسەر حزبەکان کەم دەبنەوە.
PM:03:15:09/07/2026
ئهم بابهته 444
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت