دەستەیەک لەمامۆستایانی ئایینی داوای دوورخستنەوەی د.عەبدولـلەتیف سەلەفی لەوتاربێژی دەکەن
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی تەمووزی 2026، دەستەیەک لە مامۆستایانی ئاینی خۆبەخش لە هەرێمی کوردستان، لە راگەیەندراوێکی بەپەلەدا کە ئاراستەی وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتی زانایانیان کردووە، داوای دوورخستنەوەی وتاربێژێکی خۆبەخش لە شاری سلێمانی دەکەن.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو وتاربێژە کە ناونیشانی خۆبەخشی هەبووە، هەستاوە بە ئەنجامدانی "کارێکی بەدڕەوشتی" کە بووەتە هۆی بریندارکردنی هەستی هاوڵاتیان و ناشرینکردنی ناوی پیرۆزی مینبەر و میحراب، جەختیش دەکەنەوە کە ئەو رەفتارە لەگەڵ پێگەی مامۆستای ئاینیدا ناگونجێت.
مامۆستایانی ئاینی خۆبەخش داوا لە وەزیری ئەوقاف و بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانی و لیژنەکانی فتوا دەکەن، هاوشێوەی ئەو رێکارە یاساییانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە کێشە هاوشێوەکاندا گرتییەبەر، ئەوانیش هەڵوێستیان هەبێت و ئەو کەسە لە پیشەی وتاردان و پێشنوێژی دووربخەنەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، پێویستە کەسێکی شیاو و گونجاو کە لەگەڵ بەهاکانی ئاین و زمان و نیشتمانەکەمان بێتەوە، لە جێگەی ئەو وتاربێژە دابنرێت، مامۆستایان جەختیان کردووەتەوە کە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی ئاینی و ئەخلاقییەوە ئەم داواکارییەیان پێشکەش کردووە بۆ رێگری لە هەر کارێکی ناپەسەند کە زیان بە پیرۆزییەکانی کۆمەڵگە بگەیەنێت.
AM:09:31:05/07/2026
ئهم بابهته 272
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت