نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا بۆ ترەمپ: دەبێت پێگەی هەرێمی کوردستان لە دەستووری عێراقدا بپارێزرێت
وێستگەنیوز-
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی 250ـەمین ساڵیادی سەربەخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و گەلی ئەو وڵاتە کرد.
ئەمڕۆ شەممە 4ی تەموزی 2026، نێچیرڤان بارزانی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی، "لە 250ـەمین ساڵیادی راگەیاندنی سەربەخۆییدا، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و گەلی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەم".
ئاماژەی بە وانە مێژووییەکانی ئەمریکا کردووە و دەڵێت، "وانە نەمرەکەی ئەمریکا ئەوەیە کە ئازادی، پێویستی بە شتێکی زیاترە لە هێز، ئازادی پێویستی بە دەستوور، دامەزراوەکان، هاوسەنگیی فیدراڵی، و رەزامەندیی گەلی ئازاد هەیە".
نێچیرڤان بارزانی وتویەتی، "لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان و عێراق چاویان لە هاوبەشییەکی بەهێزترە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئێمە بڕوامان وایە هەمان پرەنسیپ بۆ داهاتووی عێراقیش بە بنەڕەتی دەمێنێتەوە، دەبێت سەقامگیری لەسەر بنەمای پابەندبوون بە دەستوور، فیدراڵیزم، و پاراستنی تەواوەتیی ماف و پێگەی هەرێمی کوردستان لەنێو دەستووری عێراقدا بێت".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێزانینی خۆی بۆ رۆڵ و هاوکارییە بەردەوامەکانی واشنتۆن دەربڕیوە و ئاماژەی وەداوە، "ئێمە بە پێزانینەوە دەڕوانینە دۆستایەتی و سەرکردایەتیی ئەمریکا، هەروەها پاڵپشتییە بەردەوامەکانی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق".
PM:04:22:04/07/2026
ئهم بابهته 328
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت