وەزارەتی دارایی هەرێم: پەتی درۆ کورتە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە روونکردنەوەیەکی تونددا بە ناونیشانی "پەتی درۆ کورتە"، وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە باس لەوە دەکەن شاندی هەرێم لە بەغدا داوای دواخستنی مووچەیان کردبێت.
وەزارەتی دارایی رایگەیاند، ماوەی چەند رۆژێکە لە بەشێک لە میدیا و سۆشیاڵ میدیاوە هەڵمەتێکی چەواشەکارانە دەستپێکردووە کە گوایە شاندی هەرێم لە دوایین سەردانیاندا بۆ بەغدا، داوای دواخستنی ناردنی مووچەی مانگی حوزەیرانیان کردووە، وەزارەت جەخت دەکاتەوە کە هەرکەس و لایەنێک ئەو باسانەی کردبێت راست ناکات و درۆیەکی رەقە.
لە روونکردنەوەکەدا ئامانجی سەردانەکەی بەغدا هاتووە، کە سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا تەنها بۆ گفتوگۆکردن بووە لەسەر سێ پرسی سەرەکی:
1- کێشەکانی تایبەت بە گومرگ و سیستەمی ئەسیکۆدا.
2- کێشەکانی تایبەت بە باج و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان.
3- پرسی لێخۆشبوونی گومرگی، پاراستنی بەرهەم و کوالیتی کۆنترۆڵ.
سەبارەت بە داهاتی ناوخۆ، وەزارەتی دارایی ئاشکرای کردووە کە لە کۆبوونەوەیەکی لاوەکیدا لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق، داوا کراوە بەپێی یاسای بودجە مامەڵە بکرێت و %50ی داهاتە ناوخۆییەکان رادەستی حکومەتی فیدراڵ بکرێت لەسەر بنەمای راپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە.
وەزارەتی دارایی روونیشیکردەوە، کە بەوپێیەی داهات و راپۆرتە داراییەکان تا کۆتایی مانگ یان 10 رۆژی مانگی دواتر کۆنابنەوە، ناکرێت ئەمە بکرێتە بیانوو بۆ راگرتن یان دواخستنی مووچە، دووپاتیشیان کردەوە کە مووچە بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی لە هەموو کێشە سیاسی و تەکنیکییەکان جیا کراوەتەوە و پێویستە لە کاتی خۆیدا رەوانە بکرێت.
PM:02:57:04/07/2026
ئهم بابهته 272
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت