حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان و عێراق: پێویستە داهاتە دزراوەکانی عێراق و هەرێم بگەڕێنرێتەوە بۆ خەڵک
وێستگەنیوز –
ئەمڕۆ هەینی 3ی تەمووزی 2026، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان و کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراق راگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە، لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە کە کەمپینی دەستگیرکردن و سزادانی ژمارەیەک لەو بەرپرس و ئەندام پەرلەمانانەی عێراق کە بە تۆمەتی گەندەڵی و تاڵانکردنی دەیان ملیار دۆلار ناویان هاتووە، کاردانەوەیەکی فراوانی لەناو خەڵکدا دروست کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی راگەیەندراوەکە، قەبارەی ئەو پارانەی لە دوای ساڵی 2003وە لە خەزێنەی دەوڵەت براون بە نزیکەی یەک ترلیۆن دۆلار مەزەندە کراوە، هەر لەو چوارچێوەیەدا دەڵێت: "پێشتر وەزیری ناوخۆی پێشووتری عێراق ئاشکرای کردبوو کە تەنها لە سەردەمی حکومەتەکەی مالیکیدا نزیکەی 300 ملیار دۆلار لە خەزێنەی دەوڵەت دیار نەماوە".
راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئەوەی جێی سەرنجە تائێستا زۆربەی ئەوانەی دەستگیرکراون لە گروپێکی دیاریکراوی سوننە و حکومەتەکەی پێشووی سودانین، لە کاتێکدا بەرپرسە پلە یەکەکان وەک مالیکی و حەکیم و عەبادی دەستخۆشی لەو هەنگاوانە دەکەن، هاوکات رەخنەی ئەوە دەگرێت کە تائێستا هیچ رێکارێک بەرامبەر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان نەگیراوەتە بەر کە وەک شەریکە بەشی داهاتە تاڵانکراوەکانی عێراق و هەرێم ناویان دەهێنرێت.
هەروەها جەختی لەوەکردووەتەوە، کە نابێت تەنها مافیای بچووک بکرێنە قوربانی و سەرەگەورەکانی گەندەڵی رزگاریان بێت، داواشیان کردووە، کە تەواوی ئەو پارە و سامانەی دەستی بەسەردا گیراوە و دەگیرێت بۆ مەبەستی دابینکردنی مووچەی شایستە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان و پێداویستییەکانی هاوڵاتیان خەرج بکرێت.
ئەوەشیان ئاشکراکردووە، کە پێویستە سیاسەتی دارایی و داهات و خەرجییەکان بەشێوەیەکی شەفاف بۆ رای گشتی رابگەیەنرێت، چونکە بەبێ ئەم شەفافیەتە هیچ گەرەنتییەک نییە کە حکومەتەکانی داهاتووش بە ناوی گەندەڵی و لێپێچینەوەوە، بڕێکی تری داهاتی گشتی بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکارنەهێنن.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە کاتی ئەوە هاتووە فشارێکی جەماوەریی رێکخراو دروست بێت بۆ لێپێچینەوە لە سەرجەم ئەو بەرپرسە حزبی و حکومی و میلیشیایانەی دەستیان بەسەر کێڵگە نەوتییەکان و کۆمپانیا بازرگانییەکاندا گرتووە، تاوەکو سامانە دزراوەکانیان ئاشکرا بکرێت و بگەڕێنرێتەوە بۆ خزمەتی هاوڵاتیان.
PM:09:10:03/07/2026
ئهم بابهته 296
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت