ناسنامەی قاچاخچییەکی کورد ئاشکرادەکرێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی تەموزی 2026، بەپێی راپۆرتێکی دەزگای میدیایی بی بی سی بەریتانی بێت، شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو قاچاخچییە کە ناوی "توانا جەمال"ـە و خەڵکی شاری رانیەیە، لە ناوچەی لیستەرشێری بەریتانیا ئاشکرا بووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراوەتەوە، لەکاتی لوتکەی کارەکانیدا، توانا هەفتانە نزیکەی 100 هەزار پاوەندی پەیدا کردووە و بۆ گواستنەوەی هەر کۆچبەرێکیش بڕی چوار هەزار و 500 پاوەندی وەرگرتووە.
هاوکات مانگانە نزیکەی 80 بارهەڵگری پڕ لە پەنابەری رەوانەی بەریتانیا کردووە، بۆ دەربازبوونیش لە پشکنین و سەگە پۆلیسییەکان، کۆچبەرەکانی لەناو ئەو ئۆتۆمبێلەکاندا شاردووەتەوە کە پیاز و پەنیریان گواستووەتەوە، تاوەکو بۆنەکەی رێگری لە ئاشکرابوونیان بکات.
لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا کە لەلایەن ڕۆژنامەنووسانی (بی بی سی)ـیەوە پێوەی کراوە، ئەو قاچاخچییە کوردە بە متمانەبەخۆبوونێکی زۆرەوە رایگەیاندووە، "ئێمە هەموو کەس لەم شارەدا دەناسین، ئەم شارە هی ئێمەیە و پۆلیس ناتوانێت بمانوەستێنێت".
پێشینەی کارەکانی ئەم بازرگانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 2012 بۆ 2016، کاتێک لە کەمپی "گراند سانت"ـی نزیک شاری دەنکیرکی فەرەنسا، دادگاکانی فەرەنسا سزایان بەسەردا سەپاندووە بەهۆی ئەوەی سەرپەرشتیی یەکێک لە گەورەترین تۆڕەکانی قاچاخچێتی کردووە.
PM:11:29:02/07/2026
ئهم بابهته 596
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت