سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان: رۆژنامەنووس عەبدولڕەحمان خدر حەمەد لەلایەن ئاسایشی سۆرانەوە دەستگیرکراوە و هۆکارەکەی دیار نییە


وێستگەنیوز-

لقی راپەڕینی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لەبارەی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس "عەبدولڕەحمان خدر حەمەد" روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 30ی حوزەیرانی 2026، لقی راپەڕینی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان رایگەیاند، "نووسینگەکەمان لەلایەن دەزگای میدیایی ستانداردەوە لەبارەی دەستگیرکردنی هاوکارمان ڕۆژنامەنووس عەبدولڕەحمان خدر حەمەد ئاگادارکرایەوە".

ئاماژەی بەوەکراوە، "ناوبراو پەیامنێری پێشووی دەزگای ستاندارد و ئەندامی ئێستای هەمان دەزگایە و دانیشتووی شارۆچکەی چوارقوڕنەیە لە گەڕەکی قەندیل و یەکێک بووە لە بەشداربووانی خولی سەلامەتی پیشەیی سەندیکاکەمان کە لە رابردوودا بە هاوکاری لەگەڵ فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسان (IFJ) سازمان کردبوو".

وەک لقی راپەڕینی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێت، "بەپێی زانیارییەکانی دەزگاکەی، ناوبراو دوێنێ لە گەشتێکی ئاساییدا بووە لە حاجی ئۆمەران و سنووری قەزای سۆران، لەلایەن ئاسایشی سۆرانەوە دەستگیرکراوە و تا ئێستا هیچ هەواڵێکی نییە و هۆکاری دەستگیرکردنەکەشی نادیارە".

ئەوەشخراوەتەڕوو، "نووسینگەی راپەڕینی سەندیکامان ڕایدەگەیەنێت کە بەوپەڕی پەرۆشی و بەرپرسیاریەتییەوە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستی بە سۆراخ و بەدواداچوونی چڕ کردووە بۆ زانینی چارەنووس و هۆکاری ڕاستەقینەی دەستگیرکردنی ئەم هاوکارەمان، بەردەوامیش دەبین لە هەوڵەکانمان تا گەیشتن بە ئەنجام و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی ناوبراو".


AM:11:00:30/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت