شۆڕش ئیسماعیل: لە دوا قۆناغی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەداین
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ سێشەممە 30ی حوزەیرانی 2026، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کاتی راگەیاندنی قۆناغی یەکەمی یەکگرتنەوەی فەرماندەیی دەڤەری یەک و دووی پێشمەرگە، چەند زانیارییەکی نوێی دەربارەی رێکخستنەوەی هێزەکان ئاشکراکرد.
وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، ئەم هەنگاوەی ئێستا نراوە دەبێتە هۆی بڕیاری ستراتیژی بۆ یەکخستنەوەی تەواوەتی پێشمەرگە، ئاماژەی بەوەش کرد کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، پێشمەرگە وەک هێزێکی بەدیسپلین ناسراوە و لە مێژوودا رۆڵێکی گەورەی لە پاراستنی کوردستاندا بینیوە.
دەربارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان، شۆڕش ئیسماعیل وتی: "لەگەڵ هاوپەیمانان مێژوویەکی درەوشاوەمان هەیە و هیوادارین تاوەکو کۆتایی پڕۆسەکە لەگەڵماندا بن"، جەختیشی کردەوە کە هاوپەیمانان بەردەوامن لە پشتیوانیکردنی سەرجەم هەنگاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە.
وەزیری پێشمەرگە باسی لەوەش کرد کە بەهێزبوونی پێشمەرگە لە پێناو چەسپاندنی ئارامی و سەقامگیری و پێکەوەژیاندایە، وتیشی: "خەڵکی کوردستان دەیانەوێت هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتوو ببینن، هەر بۆیە دەبێت هەمووان هاوکار و پشتیوان بن بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە".
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، شۆڕش ئیسماعیل مژدەی ئەوەی دا کە ئێستا لە دوا قۆناغی پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەدان.
AM:10:59:30/06/2026
ئهم بابهته 96
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت