غالب محەمەد بۆ وێستگەنیوز: 11 بەرپرسی كورد لەنێو لیستی گەندەڵكاراندایە


وێستگه‌نیوز- محەمەد فاتيح

ئەندامێكی ئەنجەمەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كردووە، ژمارەیەك بەرپرسی كورد لەنێو لیستی گەندەڵكاراندایە كە بڕیار وایە دەستگیر بكرێن.

ئەمڕۆ دووشەممە 29ی حوزەیرانی 2026، غالب محەمەد عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە وێستگەنیوزی وت، "11 بەرپرسی كورد كە لە عێراق كار دەكەن لەنێو لیستەكەدان بەڵام تائێستا دەستگیر نەكراون و ئێمەش لەسەر خەتین و نامەمان بۆ عەلی زەیدی و دادی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەكانى تر ناردووە".

باسی لەوەشكرد، "ئەگەر بەرپرسانی كورد كە بە گەندەڵی تێوەگلاون و ناویان لە لیستەكەدا هەیە دەستگیرنەكرێن واتا ئەمە سەرپێچيى یاسا و نادادپەروەریشە چونكە ناكرێت دوو سێ‌ كەس دەستگیر بكرێن و ئەوانی دیکە ئازاد بن بۆ خۆیان".

دووپاتیشیكردەوە، "گەندەڵی لەناو هەموو دامودەزگاكاندا هەیە و نیوەی وەزیرەكانی كابینەی حكومەتەكان لەگەندەڵی تێوەگلاون و وەزیری كوردیشی تێدایە".

دەشڵێت، "ئێمە دەستخۆشیمان هەیە بۆ ئەم هەڵمەتی دژ بە گەندەڵیە و ئێمە وەك ئۆپۆزسیۆن تەنها دەستەی دەستپاكی و ئەنجومەنی دادی باڵامان بەدەستەوەیە تاوەكو بەدڵی خۆمان بتوانین جوڵە بكەین".

وتیشی، "ئەم هەڵمەتە دەستەی دەستپاكی عێراق گرتوویەتیەبەر بە پشتیوانی لایەنە پەیوەنیدیدارەكان و ناتوانێت زۆر دەستكراوە بێت لە هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی هەرێمیش دەبێت ئەستۆپاكی بكەن و بینێرن بۆ ئەم دەستەیە بەڵام تائێستا ئەمەیان نەكردووە و ئەمەش سەرپێچی یاسایە".

غالب محەمەد عەلی، دڵنیایی دا "ئێمە داوامان كردووە ئەم هەڵمەتی دەستگیركردنە لە هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ‌ بكرێت و ناكرێت بەرپرسانی هەرێم دووربن لە چاودێری دەستەی دەستپاكی عێراق".


PM:02:29:29/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 1004 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو