پارتی چاکسازی تورکمان وەڵامی داواکارییەکەی پارتی دایەوە
وێستگەنیوز-
دوای ئەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا داوای لە لایەنەکانی پەرلەمانی کوردستان کرد کە پەرلەمان کارا بکەنەوە، عەبدولقادر بازرگان، سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "ئێمە وەک پێکهاتەی تورکمان و پارتی چاکسازی تورکمان، لەپەراوێزی بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک خاوەنی کورسی لە پەرلەمانی کوردستان، بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکەین".
ئاماژەی بەوەکرد، "باوەڕمان وایە کاراکردنەوەی پەرلەمان هەنگاوێکی گرنگ و پێویستە بۆ بەهێزکردنی دامەزراوە دیموکراتییەکان، پاراستنی ڕۆڵی یاسادانان و چاودێریکردنی کارکردنی حکومەت. هەروەها، ئەم هەنگاوە لە بەرژەوەندی هەموو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستاندایە، چونکە پەرلەمان ماڵی گەلە و سەرچاوەی چارەسەرکردنی کێشە و داواکارییەکانی خەڵکە.
سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان دەڵێت، "ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی چاکسازی تورکمان، ئامادەین بە ڕووحی بەرپرسیارێتی و هاوکاری، بەشدارییەکی کارا و بەرهەمدار لە کار و چالاکییەکانی پەرلەماندا بکەین، بۆ ئەوەی ببێتە سەکۆیەکی بەهێز بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندی گشتی، پاراستنی مافەکانی هەموو پێکهاتەکان و پشتگیری لە ئاسایش، ئارامی و گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان".
دەشڵێت، "بەردەوامبوونی کار و چالاکیی پەرلەمان پێویستییەکی نیشتمانی و دیموکراتییە، بۆیە هەموو لایەنە سیاسییەکان دەبێت بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە هاوکاری بکەن، تاوەکو پەرلەمان بتوانێت بە شێوەیەکی کارا ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و وەڵامی هیوای هاوڵاتییان بداتەوە".
ئەمشەو شەممە 27ی حوزەیرانی 2026، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بانگهێشتی لایەنەکانی کرد و رایگەیاند، "فەرموون لایەنەکانى بەشدار لە پەرلەمان چ ئەوانەى کورسیان زۆرە و چ ئەوانەى کورسى کەمتریان هەیە، پەرلەمان کارا بکەینەوە و پەرلەمانتاران لە ناو هۆڵى پەرلەمان بەرپرسیار بن لە ئەنجامدانى گفتوگۆیەکى بەرهەمدار و دۆزینەوەى چارەسەرى گونجاو و، هەموولایەکمان پابەندى ئەو ڕێگاچارەسەرە بریارلێدراوەى پەرلەمانى کوردستان بین".
PM:10:28:27/06/2026
ئهم بابهته 6028
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت