پارتی: فەرموون لایەنەکانى بەشدار لە پەرلەمان با پەرلەمان کارا بکەینەوە
وێستگەنیوز-
ئەمشەو شەممە 27ی حوزەیرانی 2026، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستانەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و پەیامێک ئاڕاستەی هاوڵاتییان و لایەنە سیاسییە بەشداربووەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکات.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "هەر لەدواى کۆتایی هاتنى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان و راگەیاندنى ئاکامەکانى، لە روانگەی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتى و خەمخۆرى بۆ بارودۆخى هەرێم، هەوڵەکانمان دەستپێکرد بۆ کاراکردنەوەى دامەزراوە شەرعییەکانى هەرێم بەگوێرەى یاساى بەرکار، بەڵام سەرەڕاى پەیام و پەیوەندى و هەوڵە بەردەوامەکانى سەرۆک مەسعود بارزانى و پارتیمان بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و نزیکبوونەوە لە چارەسەرى ئەو کێشانەى کە بەربەستن لەبەردەم کاراکردنەوەى پەرلەمان و هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى هەرێم و پێکهێنانى کابینەى دەیەم، بە خستنەڕووى ژمارەیەک سیناریۆ و ڕێگەچارەى گونجاو بۆ دەربازبوون لەو چەقبەستووییەى ڕووبەڕوى پرۆسەى سیاسيی هەرێم بووەتەوە، بە کۆبوونەوەى دوو قۆڵى و چەندقۆڵى، دەستپێشخەرى، پێکهێنانى شاند، پەیام و سەردان، بەڵام بەداخەوە بە دەنگەوەهاتن و هەڵوێستى ئەرێنى پێویست بەرچاو نەکەوت".
ئاماژە بەوەکراوە، "بارودۆخى ناوچەکە بەگشتى و هەرێمى کوردستان بەتایبەتى، بەرپرسیاریەتى نەتەوەیى و نیشتمانى و ئەخلاقیمان دەخاتە ئەستۆ بۆ هەرچى زووتر دۆزینەوەى ڕێگەچارەى دەربازبوون لەو دۆخە نەخوازراوەى ئێستا، کە جگە لە زیان گەیاندن بە هەرێم و ئەزموون و دەستکەوتەکانمان، بۆ هیچ لایەک سوودى تێدا نابینرێت".
مەکتەبی سیاسیی پارتی باس لەوەدەکات ، "بۆیە کاتێک کۆبوونەوە و شاند و سەردان و پەیامەکان، هەروەها هەوڵەکانمان لە گواستنەوەى باس و گفتوگۆى کێشەکان لەسەر شەقام و ڕاگەیاندنەکانەوە بۆ سەر مێزى گفتوگۆ بێ ئاکام بێ".
لە راگەیەندراوەکەدا پارتی بانگهێشتی لایەنەکان دەکات و پێیان دەڵێت، "فەرموون لایەنەکانى بەشدار لە پەرلەمان چ ئەوانەى کورسیان زۆرە و چ ئەوانەى کورسى کەمتریان هەیە، پەرلەمان کارا بکەینەوە و پەرلەمانتاران لە ناو هۆڵى پەرلەمان بەرپرسیار بن لە ئەنجامدانى گفتوگۆیەکى بەرهەمدار و دۆزینەوەى چارەسەرى گونجاو و، هەموولایەکمان پابەندى ئەو ڕێگاچارەسەرە بریارلێدراوەى پەرلەمانى کوردستان بین".
PM:09:58:27/06/2026
ئهم بابهته 376
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت