وەزارەتی دارایی هەرێم: خەرجی کرداریی حکومەتی هەرێم لە حەوت ساڵی رابردوودا زیاتر لە 87 ترلیۆن دینار بووە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ شەممە 27ی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە درێژەی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی پەرتووکی کار و چالاکی و چاکسازییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ساڵی 2019 تا 2025 بەشێکی تایبەتە بە خەرجییە گشتییەکانی حکومەتی هەرێم لەو حەوت ساڵەدا کە تێکڕای خەرجییە کردارییەکان دەگاتە زیاتر لە 87 ترلیۆن و 500 ملیار دینار".
وەک ئاماژەی پێدراوە، "لەو ژمارەیە زیاتر لە 65 ترلیۆنی خەرجی مووچە بووە و زیاتر لە 14 ترلیۆنیش خەرجی بەکارخستن کە بریتییە لە خزمەتگوزارییەکانی رۆژانەی فەرمانگە و وەزارەتەکان و هتد، هەروەها زیاتر لە چوار ترلیۆن خەرجی بەرهەم هێنانی کارەبا بووە و نزیکەی چوار ترلیۆنیش خەرجی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بووە، ئەمە جگە لەو مووچانەی کە لەو ماوەیەدا خەرج نەکراون، لەگەڵ ڕێژەی لێبڕینەکانی خانەنشینی مووچە و پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و جیاوازییەکانی".
وەک لە ئامارەکان هاتووە، "شایستەی کۆمپانیاکان و بەڵێندەران خەرج نەکراون، لەگەڵ خەرجی بەرهەمهێنانی کارەبا کە بەشێکیان بەشێوەی چەک و مەقاسە خەرجکراون بەهۆی کەمی نەختینەی بەردەست لە بانکەکاندا".
وەزارەتی دارایی تێبینی داوە و دەڵێت، "سەرجەم خەرجییەکانی بەکارخستن و وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانی کارەبا لەداهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت و لە دوای ساڵی 2013ەوە وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەنها بەشێک لە تەمویلی بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ناردووە کە بۆتە بەشێک لە تەواوکاری خەرجی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و مووچەخۆران".
PM:04:19:27/06/2026
ئهم بابهته 220
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت