تۆڕی هەشتی مارس بۆ وەزیری خوێندنی باڵا: داوادەکەین دۆسیەی عەبدوللەتیف سەلەفی رێڕەوی یاسای خۆی وەربگرێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ هەینی 26ی حوزەیرانی 2026، تۆڕی هەشتی مارس لەسەر دۆسیەی عەبدولـلەتیف سەلەفی یاداشتێکی بڵاوکردەوە.
لە یاداشتەکەدا تۆڕی هەشتی مارس داوا لە وەزیری خوێندنی باڵا دەکات، ئەم دۆسیەیە دادپەروەرانە بچێتە پێشەوە بەبێ دەستتێوەردان رێڕەوی یاسای خۆی وەربگرێت.
هەر لە یاداشتەکەدا هاتووە، "سەرپێچییە ئەخلاقییەکان تەنها کێشەیەکی کەسی نین، بەڵکو گورزێکی کوشندەن لە (پایەی ئەکادیمی) و پێگەی زانستی زانکۆکان، ژینگەی فێربوون دەگۆڕێت بۆ ژینگەیەکی ترسناک کە ئەمەش ڕێگری دەکات لە بەدیهێنانی ئامانجە نیشتمانییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا".
دەقی یاداشتەکەی تۆڕی هەشتی مارس:
بۆ بەڕێز:
وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی. ئێمە وەکو تۆڕی( ٨) مارس کەپێکهاتوین لەژمارەیەک لەرێکخراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەکادیمیست وچالاکوانان و راگەیاندنکاران، لە چاوەڕوانی ئەو لیژنەیەدا بووین کەلەژێر چاودێری بەڕێزتان پێکهێنرابوو، هیچ هەنگاوێکی پێش وەختەمان نەناوە تاوەکو لێکۆڵینەوەکان نەگەنە کۆتایی، ئێستا دەرئەنجامەکان لەبەردەم بەڕێزتاندایە، ئێمە چاوەڕوانیمان لەبەڕێزتان هەیە کە ئەم دۆسیەیە دادپەروەرانە بچیتە پێشەوە بەبێ دەستتێوەردان رێڕەوی یاسای خۆی وەربگرێت، هاوکات بەپشت بەستن بە بڕیاری ژمارە (١٥) ساڵی (٢٠١٣) پەسەندکردنی پەیمانی هاوبەشی و گەشەپێدان لە نێوان دەسەڵاتە گشتییەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان لە هەرێمی کوردستان - عێراق
ڕاو سەرنجی خۆمان دەخەینە ڕوو سەبارەت بە کەیسی (عبدالطیف آحمد مصطفی).
دیارە ئەوەی جێی بایەخ و سەرنجی ئێمەیە کاریگەری ئەو کەیسەیە لەسەر هەرتاکێکی کورد بەتایبەتی گەنجان و خوێندکاران، بەتایبەت تر لەسەر کچان، ئەم بابەتە پەیوەستە بەشکۆی سەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و جگە لەوەی پەیوەستە بە شکۆی شارێک و زانکۆیەک کە بە زانکۆی دایک دەناسرێت و یەکەم زانکۆ بووە دوای راپەڕین بڕیاری سەر لە نوێ کردنەوەی دراوە بە هەوڵی هەموو ئازادیخوازان زانستخوازان ئەوێ ڕۆژێ کە حکومەتی کوردی لەسەرەتای بنیاتناندا بوو منداڵان دەخیلەکانی خۆیان هەڵدەپچڕی بۆ هاوکاری کردنی ئەم زانکۆیە، ئەو منداڵانەی کە بەشێکیان لەدوایدا بوونەوە بەخوێندکاری ئەو زانکۆیە و بە هیوا و ئاواتی خوێندن و بیاتانانی ئایندەوە ڕوویان دەکردە ئەو زانکۆیە ئێستاش دەیانەوێت ڕۆڵەکانیان و خوشک و برا و کەسەکانیان بە بێ هیچ ترس و دوودڵیەک ڕووبکەنە ئەو زانکۆیە و هەر زانکۆیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان بەوپەڕی ئارامی و متمانەوە پەرە بە تواناکانیان بدەن.
بەڕێزان ...
زانکۆکان لە هەرێمی کوردستان وەک لە یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا ژمارە (١٠) ی ساڵی (٢٠٠٨) دا هاتووە، ناوەندێکی نیشتمانی، زانستی و پەروەردەییە کە ئەرکی پاراستنی شوناسی نەتەوەیی و گەشەپێدانی شارستانییەتی گەلی کوردستان و بەها وکەلەپوری کوردییان لەئەستۆدایە پێویستە حەرەمێکی ئارام و پارێزراوبن بۆ هاندان بۆ خوێندن و لێکۆڵینەوەی زانستی. هەربۆیە پێویستە مامۆستایان لە ڕەفتارەکانیدا نموونەی باڵای ئەم بەهایانە بن، کە هەر ئەوەشیان لێ چاوەڕێ دەکرێت، هەر پێشێلکارییەک لەلایەن مامۆستایانەوە، بەتایبەت خراپ بەکارهێنانی پێگەی زانستی بۆ بەرژەوەندی سۆزداری یان گێچەڵی سێکسی، جگە لەوەی لادانە لە ئیتیکی پیشەیی، پێشێلکارییەکی زەقی کارگێڕیە و کردەیەکی تاوانکاریە پاڵپشت بە دەق و ماددەکانی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١)ی (١٩٦٩) هەروەها یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە (١٤) ی ساڵی (١٩٩١). پێویستە لەم چوارچێوە یاساییەدا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
هەروەها پاڵپشت بە بڕگە و مادەکانی پێڕەوی ژمارە (١) ی ساڵی ٢٠١١ تایبەت بە ڕێسای ڕەفتاری پیشەیی بۆ فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم و هەروەها پاڵپشت بە ڕێنمایی ڕەفتاری پیشەیی بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان ژمارە (١) ی ساڵی ٢٠١٦ کە لە لایەن دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە. کارمەندان لە ناویشیاندا مامۆستایانی زانکۆ و پەیمانگاکان پێویستە " لە بەجێ گەیاندنی ئەو ئەرکەی پێیان سپێردراوە پابەندبن بە باڵاترین پێوەری هەست کردن بە بەرپرسیاریەتی و ڕەوشتی باش " بە شێوەیەک کە لەگەڵ پایەی ئەکادیمی مامۆستایاندا بگونجێت و دوور بکەونەوە لە هەر کارێک کە ناوبانگی مامۆستا و دامەزراوەکە لەکەدار دەکات.
هەر جۆرە پەیوەندییەکی سۆزداری یان گێچەڵێکی سێکسی لە نێوان مامۆستا و قوتابی وەک پێشێلکاری و (خراپ بەکارهێنانی پلە و پۆست) پۆلێن دەکرێت وە بەکارهێنانی دەسەڵاتی زانستی (وەک نمرە یان پایەی ئەکادیمی) وەک ئامرازێک بۆ هەراسانکردن و گێچەڵی سێکسی تاوانە، وە دەبێتە هۆی تێکچوونی سیستەمی گشتی پەروەردە و فێرکردن و لەدەستدانی متمانەی کۆمەڵگە بە زانکۆکان.
هەروەک ئاشکرایە لای بەڕێزتان کە سەرپێچییە ئەخلاقییەکان تەنها کێشەیەکی کەسی نین، بەڵکو گورزێکی کوشندەن لە (پایەی ئەکادیمی) و پێگەی زانستی زانکۆکان ، وە ژینگەی فێربوون دەگۆڕێت بۆ ژینگەیەکی ترسناک ، کە ئەمەش ڕێگری دەکات لە بەدیهێنانی ئامانجە نیشتمانییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا.
ئێمە دەمانەوێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە وەک رێکخراوەکانی ناو تۆڕی (٨)ی مارس بەئەزموونی کارکردنمان لەبەڕێوبردنی دۆسیەکانی ژنان، ئامادەگی تەواومان هەیە بەوپەڕی بەرپرسیارانە و زۆر بەنهێنی هاوکاری بەڕێزتان بین بۆ پشتیوانیکردن لەو کچانەی ڕووبەڕوی هەرجۆریک لە هەراسانکردن و ئیستغلال کردن بونەتەوە، لەهەر کاتێکدا ئامادەییمان هەیە وە چەندین ستافی بەڕێوەبەردنی کەیسمان هەیە کە بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتیەکان چەندین وانەی ئەکادیمی و ڕاهێنانیان وەرگرتووە و خاوەنی ساڵانێکی زۆر لە کاری پیشەیین لەو بوارەدا، ئامادەی هەموو پشتیوانیەکی ئەو خوێندکارانە دەبین کەپێویستیان بەپاڵپشتی یاسایی، دەرونی، کۆمەڵایەتی هەبێت.
وەبەپێویستی دەزانین تیشک بخەینە سەر چەند خاڵێک کەوەک رێکخراوکانی مافی مرۆڤ و ژنان پێداگیریان لەسەر دەکەین کەئەوانیش بریتین لە:
* خێرا کردن لە خستنەڕووی دەرئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە وە هەرخەمساردی و دواخستنێک و نەگواستنەوەی دۆسیەکە بۆ دادگای بەتایبەتمەند، لەم جۆرە کەیسانەدا، واتای هاندان و ئاسایی کردنەوەی بەکارهێنانی دەسەڵات و قازانج وەرگرتنە لە پێگەی ئەکادیمی.
* رێگەنەدان بەدەست تێوەردانی حزبی بە مەبەستی گۆڕینی ڕێرەوی یاسایی کەیسەکە.
* پاراستنی سەلامەتی و کەرامەتی قوتابیان و دڵنیابوون لە بوونی ژینگەیەکی ئەکادیمی ئارام و بێ ترس، بەرپرسیارێتییەکی سەرەکی دامەزراوەکانی خوێندنە.
* لەناو هەموو زانکۆکاندا زانیاری پئویست هەبێت بۆ خوێندکاران، بۆ ئەوەی لە کاتی هەر کێشەیەکی ئیستغلال بتوانن پەیوەندی بکەن.
* داڕشتنی ڕێبەرێکی کاری پیشەیی بۆ کارمەندان و مامۆستایان و وانەبێژان لەسەرجەم زانکۆ حکومی و ناحکومیەکاندا بە جۆرێک ڕێگری بکات لە هەر هەراسانکردن و دەست درێژیەکی سێکسی.
* ئەم بابەتەی ڕویدا کۆمەڵگای کوردستانی تۆشی دڵەڕاوکێ کرد لە کاتێکدا ئەم باڵاترین شوێنی خوێندنە، کە دەبێت جێگایەکی خاڵی بێت لە توندوتیژی و هەراسان و دەستدرێژی.
* پاڵپشت بە بڕگە و مادە یاساییەکانی یاسای (انظباط موظفین الدولە ) ژمارە (١٤) ی ساڵی (١٩٩١) هەموارکراو دۆسیەکە رەوانەی دادگا بکرێت چونکە بەپێی یاسای ڕێوشوێنە سزاییەکانی عێراق (قانون أصول المحاكمات الجزائية ژمارە ٢٣ی ساڵی ١٩٧١)، فەرمانبەرانی کەرتی گشتی (کە سەرۆکی زانکۆ، ڕاگر، و ئەندامانی لیژنەی لێکۆڵینەوە دەگرێتەوە) ئەگەر لە کاتی ڕاپەڕاندنی کارەکانیاندا ئاگاداری تاوانێک بن کە پێویستە داواکاری گشتی لەسەری بجوڵێت، پابەندن بە ئاگادارکردنەوەی دادگا یان پۆلیس.
* رێگە بدرێت یاسا سەروەربێت و شکۆ بۆ زانکۆ و خوێندکارەکانی بگەڕێتەوە.
ناوی رێکخراوەکانی ئەندام لەتۆڕی هەشتی مارس:
١. ڕیکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان (PDO)
٢. ڕێکخراوی ئازادبوون
٣. ڕێکخراوی راگەیاندن و روناکبیری ژنان
٤. کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان- لقی سلێمانی
5. ڕيكخراوى رۆشنبيرى و كۆمەڵايەتى خانزاد
6. ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان
7. ڕێکخراوی كۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری
8.ناوەندی ڕۆشنبیری هەردی
9.ڕێکخراوی نوێ – (هەڵەبجە).
10.سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ (DHRD)
11. ڕێکخراوی دابین بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ.
12.دەزگای سیید 13.ڕێکخراوی ئاماژە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی
14.ڕێکخراوی هاریکاری یاسای ژنان(WOLA)
15.یەکێتی لاوانى كوردستان - لقى سلێمانى
16.دامەزراوەی میدیای وێستگە
17. سەنتەری میترۆ
18. ڕێکخراوی نیشان بۆ هۆشیاری تاک
19. ڕێکخراوی گەشەبیری دێوانە.
20. ئەکادمیای ژنان بۆ سەرکردایەتی لە عێراق.
21. ڕێکخراوی هۆشداری و گەشەپێدان بۆ ژنان و منداڵان لە عێراق ( ئەدوێ).
22. هاوپەیمانی تۆڕی ١٩.
23. سەنتەری میترۆ.
24. تۆڕی داکۆکی لە داکۆکیکاران.
PM:04:49:26/06/2026
ئهم بابهته 512
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت