ئەشواق جاف: هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان بە واتای هەڵوەشاندنەوەی تەواوی سیستمی سیاسی عێراق دێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی حوزەیرانی 2026، ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "هەرێمی کوردستان لەسەر سینییەکی زێڕین و بەبێ قوربانی پێشکەش نەکراوە، بەڵکو ئەم قەوارەیە بەرهەمی خەبات، خوێنی گەشی شەهیدان، ئازاری زیندانیانی سیاسی و فرمێسکی ئاوارەکانی دەستی رژێمی بەعسە".
ئاماژەی بەوەکرد، "ئەم مێژووە پڕ لە قوربانییە بووەتە هێزی بزوێنەر بۆ پێشمەرگە و گەلی کوردستان تا بە مافە رەواکانیان بگەن".
ئەشواق جاف دەڵێت، "ئەم راستییە مێژوویی و مەیدانییە لە مادەی 117ی دەستووری عێراقدا رەنگی داوەتەوە، کە بە فەرمی دانی بە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستاندا ناوە لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵدا".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ئەشواق جاف دەڵێت، "ئەو بڕیارانە دەرخەری ئەو راستییەن کە لە دوای ساڵی 2003ەوە تەنیا لە رووکەشدا پێگەی سیاسی گۆڕدراوە، بەڵام گۆڕانکاری راستەقینە لە شێوازی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا رووی نەداوە".
دەشڵێت، "ئێستا خواستێکی روون هەیە بۆ مامەڵەکردن بە شێوازی ناوەندی و بەکارهێنانی دەستێکی ئاسنین بۆ پەراوێزخستنی دەسەڵاتە فیدراڵییەکان، کە ئەمەش بە کودەتایەکی راستەقینە بەسەر دەستوور و سیستمی سیاسی نوێ".
ئەشواق جاف دووپاتیکردەوە، هەرێمی کوردستان و سیستمی سیاسی دوای 2003 هەردووکیان شەرعییەتیان لە دەستوور وەرگرتووە، لێرەوە هۆشداری دەدات کە ئەگەر هەر ئاراستەیەک یان نییەتێک هەبێت بۆ هەڵوەشاندنەوە یان لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، ئەوا راستەوخۆ بەو مانایە دێت کە بڕیارێک هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی تەواوی سیستمی سیاسی عێراقی دوای 2003، چونکە هەردووکیان لە یەک سەرچاوەی یاسایی و دەستووریی هاوبەشەوە سەرچاوەیان گرتووە.
PM:04:40:25/06/2026
ئهم بابهته 320
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت