ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەو


وێستگەنیوز -

ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ی حوزەیرانی 2026، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و تێیدا دوو تەوەری سەرەکی تاوتوێ دەکرێن کە پەیوەستن بە رێکخستنی کاروباری گومرگی و چاکسازی لە خانەنشینی کرێکاران.


لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، پوختەی کۆنووسی هاوبەشی نێوان دەستەی گومرگی فیدراڵی و گومرگی هەرێمی کوردستان دەخرێتەڕوو کە تایبەتە بە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا، بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی وەک دارایی، بازرگانی، ناوخۆ، پلاندانان، کشتوکاڵ، تەندروستی، دەستەی وەبەرهێنان و فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری رادەسپێردرێن تاوەکو لەگەڵ هاوتاکانیان لە بەغدا هەماهەنگی بکەن بۆ ئامادەسازیی و پەسەندکردنی کۆتایی ئەم سیستەمە.

تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی چاکسازییەکان لە بواری خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران لەم تەوەرەدا، ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەسەر پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەدات بۆ دیاریکردنی کەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەت بە بڕی 500 هەزار دینار، کە بڕیارە ئەم پارەیە لە خەزێنەی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران دابین بکرێت.

ئەم کۆبوونەوەیەی ئەنجومەنی وەزیران بە ئامادەبوونی لیژنەی تەکنیکی حکومەتی هەرێم و وەزیرە پەیوەندیدارەکان بەڕێوەدەچێت بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر هەردوو پرسەکە بدرێت.


AM:10:07:24/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت