مونا قەهوەچی: کارانەکردنی پەرلەمانی کوردستان تەنها کێشەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو بێ رێزییە بەرامبەر بە دەنگ و ئیرادەی هاوڵاتییان
وێستگەنیوز-
مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان لەبارەی کارانەکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندووە، " کارا نەکردنی پەرلەمانی کوردستان و درێژبوونەوەی دۆخی پشوودان، تەنها کێشەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو بریندارکردنی بنەماکانی دیموکراسی و بی رێزییە لە بەرامبەر دەنگ و ئیرادەی هاوڵاتییانی کوردستانە کە لە هەڵبژاردندا متمانەیان بە سیستمی دیموکراسی و دامەزراوە دەستوورییەکان کردووە".
ئاماژەی بەوەکردووە، "پەرلەمان وەک باڵاترین دامەزراوەی یاسادانان و چاودێریکردن، پێویستە نوێنەرایەتی خواست و بەرژەوەندییەکانی خەڵک بکات و بەردەوام لە جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی خۆی بێت، هەر دواکەوتن یان پەکخستنی کارەکانی پەرلەمان، کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ژیانی سیاسی، ئابووری و خزمەتگوزارییەکان جێدەهێڵێت و متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوەکانی حکمرانی لاواز دەکات".
مونا قەهوەچی دەڵێت، "رێزگرتن لە دەنگی دەنگدەران و پاراستنی دامەزراوە دیموکراسییەکان، بنەمای سەرەکی دروستکردنی متمانەی نێوان خەڵک و دەسەڵاتە. لەبەر ئەوە، هەموو لایەنە سیاسییەکان پێویستە بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە بکەن و بەرژەوەندییە گشتییەکان بخەنە سەر هەر بەرژەوەندییەکی تایبەت".
دەشڵێت، "لە پێناوی هیچ بیانوو، پاساو یان ناکۆکییەکی سیاسییەوە نابێت دامەزراوە دەستووری و یاساییەکان پەکبخرێن یان لە کار بوەستنرێن، چونکە دامەزراوەکان موڵکی هیچ لایەن و کەسێک نین، بەڵکو موڵکی گەل و پایەی سیستمی دیموکراسی و دەوڵەتدارییەن. هەر لایەنێک کە کەمتر خەمی پاراستن، بەهێزکردن و کاراکردنی دامەزراوەکان بخوات، مێژوو باشترین شایەتی لەسەر هەڵوێست و بەرپرسیارێتییەکانی دەدات".
وەک خۆی ئاماژەی پێداوە، "ئێمە پێمان وایە چارەسەری هەر کێشەیەک لە ڕێگای دامەزراوە یاسایی و دەستوورییەکانەوە دەبێت، نەک بە پەکخستن و وەستاندنیان. هێزی هەرێم و متمانەی هاوڵاتییان بە بەهێزبوونی دامەزراوەکان دەپارێزرێت، و ئیرادەی خەڵکیش تەنها لە ڕێگەی دامەزراوە هەڵبژێردراوەکانەوە دەتوانێت بە شێوەیەکی دروست و دادپەروەرانە بەرجەستە بێت".
PM:07:11:22/06/2026
ئهم بابهته 244
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت