"به‌غدا كێشه سیاسییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێم گۆڕیوه بۆ شه‌ڕی ته‌كنۆكراتی و مه‌رجداركردنی دارایی"
وێستگه‌نیوز -
خانه‌ی هزریی كوردستان له په‌یپه‌رێكی شیكاریی نوێ‌دا، ئاراسته و ستراتیژه‌كانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی فیدراڵی عێراق به سه‌رۆكایه‌تیی "عه‌لی زه‌یدی" به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان خستووه‌ته ژێر وردبینیی. پهیپهرهكه چه‌ند زانیارییه‌ك ده‌رباره‌ی دۆسیه‌كانی نه‌وت، مووچه، ئاسایش و كارتێكه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌خاته‌ڕوو كه داهاتووی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غداد دیاری ده‌كه‌ن.
له پهیپهرهكهدا كه "د. یاسین ته‌ها" نووسیویه‌تی و ماڵپه‌ڕی خانه‌كه (پێنووس) بڵاویكردووه‌ته‌وه ئه‌م ده‌ره‌نجامانه‌ی خواره‌وه ئاماژه‌یان پێكراوه:
1. كابینه‌ی زه‌یدی؛ تێپه‌ڕاندنی قۆناغی جه‌نگ به دیپلۆماسییه‌تی نیازپاكی
پهیپهرهكه ئاماژه به‌وه ده‌كات كه عه‌لی زه‌یدی، وه‌ك كاندیدێكی سازان له ناو ڕه‌وشی شڵۆقی ماڵی شیعی و پاش هه‌ڵبژاردنه‌كانی تشرینی دووه‌می 2025 ده‌ستبه‌كاربوو. به‌پێی شیكاریی توێژه‌ران، ئه‌م كابینه‌یه زیاتر وه‌ك "پێداویستییه‌كی فریاگوزاری" بۆ تێپه‌ڕاندنی لێكه‌وته‌كانی جه‌نگی ئه‌مریكا-ئێران له ناوچه‌كه‌دا سه‌رپێ خراوه. هه‌رچه‌نده سه‌ردانه سه‌ره‌تاییه‌كانی زه‌یدی بۆ هه‌ولێر و سلێمانی وه‌ك "دیپلۆماسییه‌تی نیازپاكی" لێكدراونه‌ته‌وه، به‌ڵام جه‌وهه‌ری كێشه‌كان هێشتا به‌ستراوه‌ن به جیاوازیی خوێندنه‌وه بۆ ده‌قه ده‌ستوورییه‌كان.
2. دۆسیه‌ی نه‌وت؛ پراگماتیزم له ژێر سێبه‌ری قه‌یرانی هورمزدا
لێكۆڵینه‌وه‌كه تیشك ده‌خاته سه‌ر وه‌رچه‌رخانێكی ناچاری له دیدگای ئابووریی به‌غداددا. دوای بڕیاری زه‌یدی بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كاره‌كانی كۆمپانیا نه‌وتییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له 4ی حوزه‌یرانی 2026دا، ده‌ركه‌وتووه كه كێشه‌ی داخستنی گه‌رووی هورمز به‌هۆی جه‌نگه‌وه، به‌غدادی ناچار كردووه په‌ره به "پراگماتیزمی ئابووری" بدات له‌گه‌ڵ هه‌ولێر بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانه داراییه‌كانی، ئه‌مه‌ش مۆدێلێكی نوێی له "هاوبه‌شیی ناچاری" له دۆسیه‌ی نه‌وتدا دروستده‌كات.
3. پرسی مووچه؛ داكشانی داهاته‌كان و "مه‌رجداركردنی دارایی"
له‌م ته‌وه‌ره‌یه‌دا، پهیپهرهكه پشت به داتا نوێیه‌كانی "یه‌كه‌ی توێژینه‌وه‌ی وزه له واشنتۆن" ده‌به‌ستێت و ئاشكرای ده‌كات كه هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق به ڕێژه‌یه‌كی بێپێشینه و توند كه گه‌یشتووه‌ته 96% به‌راورد به ساڵی ڕابردوو دابزیوه، و داهاتی مانگانه له 7 ملیار دۆلاره‌وه بۆ ئاستێكی مه‌ترسیدار داكشاوه.
به‌پێی شیكارییه‌كه، ئه‌م ڕاستییه ئابوورییه وایكردووه كه وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ په‌یڕه‌وی سیستمێك بكات كه توێژینه‌وه‌كه ناوی ناوه "مه‌رجداركردنی دارایی؛ واته به‌ستنه‌وه‌ی ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان به سێ مه‌رج و جێبه‌جێكردنی سیستمی گومرگیی نێوده‌وڵه‌تیی (ASYCUDA)، كه چاودێریی لۆجستی توند ده‌خاته سه‌ر داهاتی نانه‌وتیی هه‌رێم به مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی پانتایی مانۆڕی دارایی سه‌ربه‌خۆی هه‌ولێر.
4. دۆسیه‌ی ئاسایش؛ شانه سێبه‌ره‌كان و داهاتووی پێشمه‌رگه
له‌سه‌ر ئاستی ئه‌منی، پهیپهرهكه كێشه‌ی فرهفهرماندهیی پێشمه‌رگه و فشاره‌كانی هێزه شیعییه‌كان بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی چه‌ك له ده‌ستی ده‌وڵه‌تدا ده‌خاته ڕوو. هاوكات، به پشتبه‌ستن به ڕاپۆرته هه‌واڵگرییه‌كانی ئاژانسی "ڕۆیته‌رز"، پهیپهرهكه ئاشكرای ده‌كات كه سوپای پاسدارانی ئێران شانه‌ی نهێنیی نوێی له عێراقدا چاندووه كه له ده‌ره‌وه‌ی فه‌رمانده‌یی گروپه ناسراوه‌كان كار ده‌كه‌ن؛ ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه به‌ڵێنه‌كانی به‌غداد بۆ پاراستنی كێڵگه نه‌وتییه‌كانی هه‌رێم له به‌رده‌م مه‌ترسییه‌كی ڕاسته‌قینه‌دا بن.
5. كارتێكه‌ره ده‌ره‌كییه‌كان؛ سێ كۆڵه‌كه‌كه‌ی تۆم باراك
پهیپهرهكه به شیكردنه‌وه‌ی ڕۆڵی "تۆم باراك"، نێردراوی تایبه‌تی دۆناڵد تره‌مپ بۆ دۆسیه‌ی عێراق كۆتایی دێت. لێكۆڵینه‌وه‌كه ده‌ریخستووه كه گوتاری نوێی واشنتۆن به‌رامبه‌ر كابینه‌ی زه‌یدی له‌سه‌ر سێ پایه وه‌ستاوه:
1. قۆرخكردنی چه‌ك له ده‌ستی ده‌وڵه‌تدا.
2. قووڵكردنه‌وه‌ی هاوبه‌شیی ئابووری له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا.
3. پشتگیریكردنی مۆدێلی عێراقێكی فیدراڵی یه‌كگرتوو به مه‌رجی به‌هێزبوونی دامه‌زراوه‌كانی به‌غدا.
ده‌ره‌نجامی سه‌ره‌كی: گۆڕانی شێوازی شه‌ڕه‌كه
پهیپهرهكهی "خانه‌ی هزریی كوردستان" ده‌گاته ئه‌و بڕوایه ستراتیژییه‌ی كه سیاسه‌تی نوێی به‌غدا به‌رامبه‌ر هه‌رێم، بریتییه له گواستنه‌وه له "دانوستاندنی سیاسیی كراوه” بۆ "به‌ڕێوه‌بردنی ته‌كنۆكراتی و دامه‌زراوه‌ییانه‌ی ناكۆكییه‌كان”. له‌م واقیعه نوێیه‌دا، به‌غدا كێشه مێژوویی و ده‌ستوورییه گه‌وره‌كان ده‌گۆڕێت بۆ دۆسیه‌ی وشك و وردی كارگێڕی، دارایی و گومرگی، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له‌و ڕێگه‌یه‌وه هاوسه‌نگیی هێز به لای خۆیدا بشكێنێته‌وه.
PM:11:30:21/06/2026
ئه‌م بابه‌ته 772
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت