"رێبوار ته‌ها وه‌ك باشترین پارێزگاری عێراق بۆ ساڵی 2025 هه‌ڵده‌بژێردرێت"
وێستگه‌نیوز –
ئه‌میندارێتی گشتیی لووتكه‌ی قاهیره بۆ داهێنان و كاریگه‌ری، رێبوار ته‌ها وه‌ك باشترین پارێزگار له‌سه‌ر ئاستی عێراق بۆ ساڵی 2025 هه‌ڵده‌بژێردرێت، ئه‌مه‌ش وه‌ك رێزگرتنێك بۆ هه‌وڵه سه‌ركه‌وتووه‌كانی له به‌ڕێوه‌بردنی پارێزگای كه‌ركوك.
له راگه‌یه‌ندراوێكی لووتكه‌كه‌دا هاتووه، كه "هه‌ڵبژاردنی رێبوار ته‌ها دوای هه‌ڵسه‌نگاندنێكی پیشه‌یی ورد هاتووه كه تێیدا ده‌ركه‌وتووه ناوبراو مۆدێلێكی ئیداریی بێوێنه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای میانڕه‌وی و هاوسه‌نگی پێشكه‌ش كردووه‌و توانیویه‌تی به حیكمه‌ته‌وه ئیداره‌ی كه‌ركوك بدات كه پێكهاته جیاوازه‌كانی كورد، عه‌ره‌ب، توركمان و مه‌سیحی تێدایه و دوور له لایه‌نگیری سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی، كار بۆ به‌هێزكردنی ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌قامگیری بكات".
لیژنه‌ی رێكخه‌ری لووتكه‌كه به پشت به‌ستن به پێنج پێوه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م نازناوه‌ی به رێبوار ته‌ها به‌خشیوه له‌وانه: پاراستنی هاوسه‌نگی له‌نێوان هه‌موو پێكهاته‌كاندا و چه‌سپاندنی بنه‌مای "ئیداره بۆ خزمه‌تی هه‌مووان" دوور له ململانێ سیاسییه‌كان و گێڕانی رۆڵی كاریگه‌ر له هێوركردنه‌وه‌ی دۆخی گشتی و پشتگیریكردنی سه‌قامگیری و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كان و به‌هێزكردنی متمانه‌ی هاووڵاتیان به دامه‌زراوه‌كان، ناساندنی كه‌ركوك وه‌ك نموونه‌یه‌كی جوانی پێكه‌وه‌ژیان.
لووتكه‌ی قاهیره سه‌كۆیه‌كی عه‌ره‌بی پێشه‌نگه بۆ خه‌ڵاتكردنی داهێنه‌ران له بواره‌كانی كارگێڕی و گه‌شه‌پێدان، و له خولی ئه‌مساڵیدا كه له مانگی تهمموز به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كه‌سایه‌تی و دامه‌زراوه‌ی جیاواز له عێراق و وڵاتانی سعودیه، ئیمارات، میسر، به‌حره‌ین، تونس و عومان تێیدا به‌شدارده‌بن.
PM:05:10:21/06/2026
ئه‌م بابه‌ته 336
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت