نێچیرڤان بارزانی: دەبێت حکومەتی عێراق چەک و پێداویستییەکان بۆ پێشمەرگە دابین بکات


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی حوزەیرانی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشدارییکردنی لە مەراسیمی دەرچوونی خولی پێنجەمی کۆلێژی سەربازی قەلاچوالان، کۆمەڵێک پەیامی لەبارەی پێگەی پێشمەرگە، پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و دۆخی ناوخۆیی هەرێم ئاراستەی لایەنەکان کرد.


سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە ناوی پێشمەرگە پیرۆزییەکی تایبەتی هەیە و بەشێکی زێرینی ناسنامەی نیشتمانییە، وتیشی: "پێویستە پێشمەرگە لە چوارچێوەی هێزێکی نیشتمانیدا خزمەت بکات و بە گیانی داهێنان و ئاشنابوون بە تەکنەلۆژیای جەنگیی سەردەمیانە خۆی رێکبخاتەوە".

نێچیرڤان بارزانی هۆشداریی دا لەوەی کە نابێت هێزی پێشمەرگە تێکەڵی کێشە و ململانێ سیاسییەکان بکرێت، بەڵکو دەبێت وەک هێزێکی نیشتمانی بۆ پاراستنی شکۆی هەموو مرۆڤەکان بەبێ جیاوازی بمێنێتەوە. هاوکات جەختی لەوەش کردەوە کە هەوڵەکانیان بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا، سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد کە چارەنووسی هەرێم و عێراق پێکەوە بەستراوەتەوە و یەکگرتوویی هێزی پێشمەرگەش گەرەنتییە بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکان، داواشی لە حکومەتی عێراق کرد کە لەسەر بنەمای دەستوور، بەردەوام بێت لە پاڵپشتییەکانی و دابینکردنی چەک و پێداویستییە سەربازییەکان بۆ پێشمەرگە.

لە کۆتایی وتەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانانی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا کرد بۆ هاوکارییەکانیان لە شەڕی دژی داعش و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان هەمیشە وەک فاکتەری ئارامی و پردی متمانە لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە و بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە رووبەڕووی ئاستەنگەکان دەبنەوە.


AM:11:58:21/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت