رێبەر ئەحمەد: دەرگاکانی هەرێمی کوردستان بە کراوەیی دەمێننەوە بۆ هەموو ئەوانەی بەدوای ئارامی و سەلامەتیدا دەگەڕێن


وێستگەنیوز-

شەممە 20ی حوزەیرانی 2026، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە وتارێکدا بەبۆنەی رۆژی جیهانیی پەنابەران رایگەیاند، "لەم رۆژەدا، تەنیا وەک ژمارە تەماشای ئاوارەکان ناکەین، بەڵکو رێز لە رۆحی مرۆیی و ئازایەتیی ئەو ملیۆنان کەسە دەگرین کە بەهۆی ستەم و تیرۆرەوە ماڵەکانیان جێهێشتووە".


ئاماژەی بەوەکرد، "بۆ چەندین دەیە، هەرێمی کوردستان بووەتە پەناگەیەکی جوگرافیی ئارام و شوێنێکی شکۆمەندانە بۆ هەموو ئەوانەی لە چەوسانەوە هەڵهاتوون".

وەزیری ناوخۆ ئاشکرایکرد، "هەرێمی کوردستان زیاتر لە 2.5 ملیۆن ئاوارە و پەنابەری لەخۆگرتبوو، ئەم کارە لەژێر سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە کە هەموو دامەزراوەکان و تواناکانیان تەرخان کردووە بۆ ئەوەی هیچ پەنابەرێک بێ هیوا نەبێت".

باسی لەوەشکرد، "هەرێمی کوردستان سەرەڕای تەواوی ئاڵنگارییەکان، ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارەی لەخۆ گرتووە، ئەمەش لە کاتێکدایە، کە هاوکاری نێودەوڵەتی کەمی کردووە، بۆیە فشارێکی زۆری خستووەتە سەر کەرتی پەروەردە و تەندروستی حکومەت".

رێبەر ئەحمەد وتی، "لە ساڵی 2023ەوە سیستەمێکی تۆمارکردنی هەمەلایەنەیان بۆ ئاوارەکان پەیڕەو کردووە کە هاوتایە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان".

وتیشی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەکی بۆ ئاوارەکان کردووە بۆ خێرا دەستگەیشتن بە پێداویستییە سەرەکییەکان".

رێبەر ئەحمەد داوای لە حکومەتی نوێی عێراق کرد کە پابەندی بەڵێنەکانی بێت و بودجەی پێویست بۆ چارەسەری کێشەی ئاوارەکان تەرخان بکات، هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە ئاستی هاوکارییەکانیان کەم نەکەنەوە، بەڵکو وەبەرهێنان لە بەهێزکردنی توانای بەرگریی ئاوارەکاندا بکەن، چونکە ئەرکی مرۆیی دەبێت هاوبەش بێت و تەنیا لەسەر شانی کۆمەڵگەی خانەخوێ نەبێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری ناوخۆ سەرنجی خستە سەر کارەساتی شنگال و ئاماژەی بەوەدا، "دوای چەندین ساڵ لە جینۆسایدی ئێزیدییەکان، هێشتا رێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە، هەروەها پێویستە ئاوارەکان بە شکۆمەندییەوە بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ئاسایش و ئاوەدانکردنەوە بۆ ناوچەکانیان دابین بکرێت".

وەزیری ناوخۆ دووپاتیکردەوە، "دەرگاکانی هەرێمی کوردستان بە کراوەیی دەمێننەوە بۆ هەموو ئەوانەی بەدوای ئارامی و سەلامەتیدا دەگەڕێن و حکومەتی هەرێم لەسەر ئەم پەیامە مرۆییەی خۆی بەردەوام دەبێت".


PM:10:05:20/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت