کێشەی سیستەمی ئەلیکترۆنی باشماخ چارەسەرکرا و هاتووچۆ ئاسایی بووەوە


وێستگه‌نیوز-

ئەمڕۆ شەممە 20ی حوزەیرانی 2026، بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ هاووڵاتیان و گەشتیارانی ئاگادار کردەوە کە سەرجەم کێشە تەکنیکییەکانی مەرزەکە لە دیوی کۆماری ئیسلامی ئێران چارەسەر کراون و بارودۆخەکە ئاسایی بووەتەوە.


هۆبەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی باشماخ ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد: "دوای چاککردنی سیستەمە ئەلیکترۆنییەکە، ئێستا هاتووچۆی گەشتیاری و جووڵەی بازرگانی لە مەرزەکە ئاسایی بووەتەوە و وەک رۆژانی پێشوو پڕۆسەی هاتووچۆ بەردەوامە".

بەڕێوەبەرایەتی مەرزەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە دەروازەکە رۆژانە لە کاتژمێر 7:30ی بەیانی تاوەکو کاتژمێر 9:00ی شەو بەڕووی گەشتیاران و هاووڵاتیاندا کراوە دەبێت.

پێشتر و لە سەرلەبەیانی رۆژی 18ی حوزەیرانی 2026، بەهۆی دروستبوونی کێشەی تەکنیکی لە سیستەمی ئەلیکترۆنی مەرزەکە لە دیوی ئێران، هاتووچۆی گەشتیاری بۆ ماوەیەکی کاتی راگیرا و داوا لە گەشتیاران کرا بۆ گەشتەکانیان مەرزی شۆشمێ بەکاربهێنن، بەڵام لە ئێستادا کێشەکە کۆتایی هاتووە.


AM:11:32:20/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت