ئەمڕۆ بۆ رێککەوتن لەسەر سیستەمی ئەسیکۆدا شاندێکی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی حوزەیرانی 2026، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی تاوتوێکردنی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا سەردانی بەغدا دەکات، بڕیاریشە سبەینێ لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵ کۆببنەوە بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی سەرەتایی جێبەجێکردنی سیستەمەکە لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بەم پرسە، سامر قاسم، بەڕێوەبەری دەستەی گشتیی گومرگی عێراق رایگەیاند، هەماهەنگییەکی تەواو و لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان هەردوولادا هەیە بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا لە ناوەندە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو چوار نوسینگە گومرگییەی ئێستا لە نێوان هەرێم و پارێزگاکانی تری عێراقدا هەن، رێکارێکی کاتین بۆ پاراستنی دادپەروەری لە نێوان بازرگاناندا، جەختیشی کردەوە کە دوای جێبەجێکردنی سیستەمەکە، بازگەکان لادەبرێن و دەروازە نافەرمییەکانیش دادەخرێن.
بەڕێوەبەری دەستەی گشتیی گومرگ ئەوەشی خستەڕوو، ئەم سیستەمە رۆڵێکی سەرەکی دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر، ئەویش لە رێگەی بەستنەوەی حەواڵە داراییەکان بە راگەیاندنی گومرکی پێشوەختە بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندی، ئەمەش رێگر دەبێت لە چوونەدەرەوەی دراوی قورس بەبێ هاتنەناوەوەی کاڵای راستەقینە.
هاوکات ئەوەشی دووپات کردەوە، لە کاتی جێبەجێکردنی سیستەمەکەدا، سەرجەم مامەڵەکان لە ماوەی 24 کاتژمێردا راییدەکرێن و تەواو دەبن.
AM:08:40:17/06/2026
ئهم بابهته 584
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت