یونیسێف: زیاتر لە ملیارێک منداڵ رووبەرووی مەترسییەکی گەورەی ئاو وهەوا دەبنەوە
وێستگەنیوز-
رێکخراوی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) لە راپۆرتێکی نوێدا بە ناونیشانی "مەترسییەکانی ئاو وهەوا لەسەر منداڵان 2026" رایگەیاند، نزیکەی نیوەی منداڵانی جیهان کە ژمارەیان دەگاتە 1,1 ملیار منداڵ، بەدەست لانی کەم سێ مەترسی هاوکاتی ئاو وهەواوە دەناڵێنن.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، وشکەساڵی و گەرمای توند کە لە 35 پلەی سەدی تێپەڕ دەکات، لەگەڵ شەپۆلەکانی گەرما، باوترین ئەو هەڕەشانەن کە رووبەرووی منداڵان دەبنەوە، ئاماژە بەوەش کراوە کە نزیکەی سەرجەم منداڵانی جیهان لانی کەم بەرکەوتەی یەک مەترسی ئاو وهەوایی دەبن.
یونیسێف روونکردنەوەی داوە کە منداڵان لە گەورەکان هەستیارترن بەرانبەر گۆڕانی ئاو وهەوا، چونکە جەستەیان ناسکە و پلەی گەرمیان خێراتر بەرز دەبێتەوە، هەروەها خێراتر هەناسە دەدەن و بە بەراورد بە کێشیان پێویستیان بە خۆراک و ئاوی زیاترە، ئەمەش وای کردووە شانسی رزگاربوونیان لە کاتی کارەساتە کەشوهەواییە توندەکاندا کەمتر بێت.
کریستین راسڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف رایگەیاند، ئەم راپۆرتە شوێن و توندی مەترسییەکان دیاری دەکات، ئەمەش یارمەتی حکومەتەکان دەدات بۆ پلاندانان و وەبەرهێنانی کاریگەرتر لە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکاندا.
بەپێی ئامارەکانی ناو راپۆرتەکە، نزیکەی 300 ملیۆن منداڵ لە ناوچەگەلێکدا دەژین کە لە یەک کاتدا رووبەرووی وشکەساڵی و گەرمای توند و شەپۆلەکانی گەرما دەبنەوە، ناوچەی (ساحل) لە ئەفریقا وەک یەکێک لە زیانلێکەوتووترین شوێنەکان دەستنیشانکراوە، لە ئاسیاش وڵاتانی بەنگلادیش، میانمار و پاکستان زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە.
AM:11:29:16/06/2026
ئهم بابهته 532
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت