لەم هەفتەیەدا شاندێکی هەرێم دەچێتە بەغدا


وێستگەنیوز-

بڕیارە رۆژی سێشەممە 16ی حوزەیرانی 2026، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی تاوتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگی دارایی و نەوتی، بگاتە شاری بەغدا.

بەپێی زانیارییەکانی میدیای یەکێتی، شاندەکەی هەرێم لە هەریەکە لە وەزیرانی دارایی و سامانە سرووشتییەکان، سەرۆکی دیوان، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ پێکهاتوون، بڕیاریشە رۆژی چوارشەممە دانوستانە فەرمییەکان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ دەستپێبکەن.

لەبارەی تەوەرەکانی گفتوگۆکەش، سێ پرسی سەرەکی لەم سەردانەدا باس دەکرێن کە بریتین لە: جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا، داهاتی نانەوتی و پشکی خەزێنەی فیدراڵی، لەگەڵ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و داواکاریی کۆمپانیا نەوتییەکان.

سەبارەت بە داهاتی نانەوتی کێشەیەک لەنێوان هەولێر و بەغداد هەیە، حکومەتی فیدراڵ داوای رادەستکردنی 120 ملیار دینار دەکات، بەڵام حکومەتی هەرێم جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەهۆی دۆخی جەنگ و سیستەمی ئەسیکۆداوە داهاتی نانەوتی بە رێژەی 70% کەمیکردووە، بۆیە داوای کەمکردنەوەی ئەو بڕە پارەیە دەکەن.

هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەدا، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت باس دەکرێت، بەتایبەت کە ئێستا ئاستی بەرهەمهێنان بۆ 75 هەزار بەرمیل دابەزیوە و کۆمپانیا بیانییەکانیش بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان، داوای گەرەنتی ئەمنییان لە هەولێر و بەغداد کردووە.


PM:03:53:14/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت