مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سوپاسالاری سوپای عێراق جەختی لە بەهێزترکردنی هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق کردەوە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی حوزەیرانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی سەربازیی عێراقی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سوپاسالاری سوپای عێراق کرد.


بەپێی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا سوپاسالاری عێراق، کورتەیەکی لەبارەی ئامانجی سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە لەسەر راسپاردەی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵە بۆ بەدواداچوونی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی و بە تایبەتی نەهێشتن و کۆتاییهێنان بە هەڕەشەکانی سەر کۆمپانیا نەوتییەکان و بەئامانجگرتنیان.

ئاماژە بەوەکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکومەت، سوپاس و پێزانینی خۆی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەدواداچوونی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و دڵنیاییدانی بۆ پاراستن ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان دەربڕی و هەموو پشتیوانییەکی لەمبارەیەوە نیشان دا.

هاوکات مەسرور بارزانی جەختی لە گرنگیی بەهێزترکردنی هەماهەنگی و هاریکاریی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و ئاڵنگارییە ئەمنی و سەربازییەکان کردەوە.


PM:12:28:14/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت