سایلۆی سەیدسادق دەرگای بەرووی جوتیاراندا کردەوە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ شەممە، 13ی حوزەیرانی 2026، سایلۆی سەیدسادق بە فەرمی دەرگای بەرووی جوتیارانی ناوچەکەدا کردەوە و دەستی بە وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ کرد.


بەپێی زانیارییەکان، سایلۆکە بۆ ئەم وەرزە گەنمی جوتیارانی سنووری قەزای سەیدسادق، پێنجوێن، شارەزوور و ناحیەی بەرزنجە وەردەگرێت، هاوکات بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی دانەوێڵەی هەولێر وەک ئامادەکارییەک بۆ رێکخستنی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم سیستەمێکی نوێی نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی بۆ جوتیاران کارا کردووە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا چەند رێنماییەکی گرنگی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، کە نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی بۆ رادەستکردنی گەنم ناچارییە و بەبێ تۆمارکردنی ناو لە لینکە دیاریکراوەکە، بەرهەمی هیچ جوتیارێک وەرناگیرێت.

هەر بەپێی رێنماییەکان، پێویستە جوتیار لەو رێکەوتەی کە سیستمەکە بۆی دیاری دەکات لەبەردەم سایلۆ ئامادە بێت، بە پێچەوانەوە نۆرەکەی دەفەوتێت، هەروەها جەختکراوەتەوە کە دەبێت زانیارییەکان بە دروستی تۆمار بکرێن، چونکە هەر هەڵەیەک لە زانیارییەکاندا رێگری دەکات لە چوونە ناوەوەی بارهەڵگرەکە بۆ ناو سایلۆ.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، کە دوای تەواوکردنی تۆمارکردن بە سەرکەوتوویی، کورتەنامەیەکی (SMS) بۆ مۆبایلی جوتیارەکە دێت وەک پشتراستکردنەوە، ئامانج لەم هەنگاوەش رێکخستنی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم و کەمکردنەوەی جەنجاڵییە لەبەردەم سایلۆکاندا.


AM:08:55:13/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت