سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی: پێویسته پێش پشووی پەرلەمان یاسای پڕۆسەی ئاشتی پەسەندبکرێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی حوزەیرانی 2026، گوڵستان کڵچ، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە پەرلەمانی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "تورکیا لە قۆناغێکی زۆر هەستیاردایە و پڕۆسەی ئاشتی و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی، پێویستی بە چوارچێوەیەکی یاسایی هەیە".
ئاماژەی بەوەکرد، "پەرلەمان ناوەندی سەرەکیی چارەسەرییە و پێش ئەوەی پەرلەمان بچێتە پشووی یاسایی، دەبێت ئەو یاسایەی کە بە یاسای چوارچێوە یان وەک ئۆجەلان ناوی بردووە یاسای خانە بنەڕەتییەکان پێشکەشی پەرلەمان بکرێت و بەپەلە پەسەند بکرێت، تاوەکو پڕۆسەکە گەرەنتییەکی یاسایی هەبێت".
ناوبراو وتی، "جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی دادگای ئەوروپا لەبارەی دۆسیەکانی سەڵاحەدین دەمیرتاش و عوسمان کاڤالا، پێگەی تورکیا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لاواز دەکات و باجەکەشی 86 ملیۆن هاوڵاتی دەیدەن".
وتیشی، "زۆر گرنگە مافی هیوا کاراتر بێت، هەروەها رەخساندنی مەرجی گونجاو و پەرەپێدانی ئامرازەکانی پەیوەندیکردن بۆ ئۆجەلان بە مەبەستی گێڕانی رۆڵە سەرەکییەکەی لە دانوستان و چارەسەری دیموکراتیدا، مەرجێکی حەتمی و (ناکرێت بەبێ ئەو بێت) بۆ بنیاتنانی ئاشتی".
گوڵستان کڵچ داواشی کرد، حکومەتی تورکیا چیتر کات بەفیڕۆ نەدات و خشتەیەکی کاتی بۆ پڕۆسەکە رابگەیەنێت، هەروەها رەشنووسی یاسای چارەسەری لەگەڵ رای گشتیی هاوبەش بکات و بەر لە تەواوبوونی ئەم خولەی پەرلەمان، یاساکە جێبەجێ بکرێت.
PM:11:22:11/06/2026
ئهم بابهته 148
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت