شارەوانی سلێمانی: شەقامێكی سەرەكی سلێمانی بەربەست دەكرێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی حوزەیرانی 2026، سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی ئاگادارییەكی بڵاوكردەوە و تێیدا شۆفێران و هاوڵاتییان ئاگادار دەكاتەوە كە بەهۆی كاری چاككردن و نۆژەنكردنەوەوە، بەشێك لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود بەربەست دەكرێت.
بەپێی راگەیەندراوەكەی شارەوانی، لە چوارچێوەی پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی شەقامەكانی شاردا، ئەمڕۆ پێنجشەممە پاش كاتژمێر 12:00 نیوەڕۆ دەست دەکرێت بە كاری بڕین و هەڵگرتنەوەی بەشە خراپبووەكانی شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود لە مەودای نزیك مزگەوتی ئەحمەد حاجی عەلی بە ئاراستەی چوار ریانی سەرچنار، ئەمەش وەك ئامادەكارییەك بۆ دووبارە قیرتاوكردنەوەی شەقامەكە.
شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەش كردووە، كە بۆ ئاسانكاری لە بەڕێوەچوونی كارەكان، رۆژی هەینی بەشێك لەو شەقامە لە مەودای كاركردندا بەربەست دەكرێت، وەك رێگای جێگرەوەش، شۆفێران دەتوانن شەقامی خزمەتگوزاری مزگەوتی ئەحمەد حاجی عەلی بەكاربهێنن تا كاتی تەواوبوونی پڕۆژەكە.
لە كۆتایی ئاگادارییەكەدا، داوا لە هاوڵاتییان و شۆفێران كراوە كە هاوكار و هەماهەنگی تیمەكانی شارەوانی و پابەندی رێنماییەكانی هاتوچۆ بن، تاوەكو كارەكان بە خێرایی و بە سەركەوتوویی تەواو بكرێن و شەقامەكە بۆ هاتوچۆ ئامادە بكرێتەوە.
PM:12:12:11/06/2026
ئهم بابهته 1288
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت