نوێنەری ئێران لە ئەمریکا: لەژێر گوشار و هەڕەشەی ئەمریکادا ناچینە ناو هیچ دانوستانێكەوە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی حوزەیرانی 2026، ئەمیرسەعید ئیرەوانی، باڵیۆز و نوێنەری ئێران لە نەتەوەیەكگرتووەكان لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا سەبارەت بە پێشخستنی رێگەچارە سیاسییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، "ئێران هیچ كاتێك لەژێر گوشار، هەڕەشە و زۆرەملێدا نەچووەتە ناو دانوستانەوە و لە داهاتووشدا كارێكی وا ناكات".
ئیرەوانی رایگەیاند، كە "پێویستە سەرۆكی ئەمریکا لە هەڕەشە بەردەوامەكانی دژی ئێران و بەكارهێنانی هێز خۆی بپارێزێت، چونكە ئەزموونەكانی رابردوو دەریانخستووە كە سیاسەتی هەڕەشە ئەنجامی پێچەوانەی لێدەكەوێتەوە".
ئاماژەی بەوەش كرد، ئەگەر واشنتۆن بەراستی بەدوای رێگەچارەی دیپلۆماسیدا دەگەڕێت، دەبێت زمانی هەڕەشە وەلا بنێت و لەسەر بنەمای رێزی دوولایەنە و یەكسانیی سەروەری لەگەڵ تاران مامەڵە بكات.
نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەمریکا و رژێمی ئیسرائیلی بە پێشێلكردنی چەندبارەی ئاگربەستی 8ی نیسان تۆمەتبار كرد و وتی: "ئێران لەسەر بنەمای مافی رەسەنی بەرگریی رەوا كە لە پەیماننامەی نەتەوەیەكگرتووەكاندا هاتووە، بەرگری لە خۆی دەكات و بەرپرسیارییەتی هەر گرژییەكی داهاتووش لە ئەستۆی لایەنی دەستدرێژیكارە".
ئیرەوانی راشیگەیاند، بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەبێت ئەنجومەنی ئاسایش سەرنج بخاتە سەر هۆكارە سەرەكییەكانی قەیرانەكە، كە بریتین لە داگیركردنی خاكی فەڵەستین، لوبنان و سووریا، لەگەڵ دەستدرێژییەكانی رژێمی ئیسرائیل و ئامادەیی سەربازی درێژخایەنی ئەمریکا لە ناوچەكەدا.
لە كۆتایی وتەكانیدا، باڵیۆزی ئێران جەختی كردەوە كە تا ئەو كاتەی داگیركاری و دەستدرێژی بەردەوام بێت، بەرگریش بەردەوام دەبێت و ئاشتیی راستەقینەش تەنها لە رێگەی گفتووگۆ و هاوكاری نێوان وڵاتانی ناوچەكە بەدی دێت، نەك بە دەستێوەردانی دەرەكی.
AM:11:32:11/06/2026
ئهم بابهته 392
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت