سەباح نوعمان: کۆنترۆڵکردنی چەک هاوتەریبی چەسپاندنی پێگەی دەستووریی پێشمەرگەیە


وێستگەنیوز-

سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە لێدوانێکی نوێدا رایگەیاند، عێراق بە چالاککردنی مەرکەزییەتی بڕیاری ئەمنی، قۆناغی یەکلاکردنەوەی سەروەری دەستپێدەکات و پرۆسەی سنووردارکردنی چەک گەیشتووەتە قۆناغەکانی کۆتایی.


وتەبێژەکەی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان ئاماژەی بەوە کرد، کە "هیچ بژاردەیەک لە دەرەوەی چەتری یاسادا نەماوەتەوە"، رونیشیکردەوە کە لیژنەیەکی باڵا بە فەرمانی سەرۆکوەزیران، دەستی بە وەرگرتنی چەک و سەربازگەکانی ناوچەی سامەڕا کردووە، ئامانجی ئەم هەنگاوە کۆتاییهێنانە بە هەر جۆرە وابەستەییەکی سیاسیی هێزە چەکدارەکان و رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنیی ناو شارەکان بە وەزارەتی ناوخۆ.

سەبارەت بە هێزەکانی پێشمەرگە، سەباح نوعمان جەختی کردەوە کە تەواوکاریی سیستەمە ئەمنییەکە، هێزی پێشمەرگەش وەک کۆڵەکەیەکی دەستووری دەگرێتەوە، راشیگەیاند کە "حکومەت پابەندە بە دابینکردنی چاودێری بۆ خانەوادەی شەهیدان و بریندارانی پێشمەرگە، وەک بەشێک لە سیستەمی ئەمنیی نیشتمانی".

لە کۆتاییدا هۆشداریدا کە بڕیاری ئەمنی تەنها لە دەستی فەرماندەی گشتیدایە و هیچ چاوپۆشییەک لە دەستدرێژی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ناکرێت، هاوکات عێراق رێگە نادات خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت.


AM:11:42:10/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت