ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ تاوتوێکردنی سێ تەوەر کۆدەبێتەوە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی حوزەیرانی 2026، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات، کە تێیدا سێ تەوەری سەرەکی تاوتوێ دەکرێن.


تەوەری یەکەم تایبەتە بە داڕشتنی نەخشە رێگایەک بۆ بەردەوامیدان بە دانوستانەکان لەگەڵ کابینەی وەزاریی نوێی حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان، هەروەها پێشنیارێک بۆ دروستکردنی دەستەیەکی باڵای وەزاریی هەماهەنگی هەمیشەیی لە نێوان هەردوو حکومەت دەخرێتەڕوو، بە ئامانجی دروستکردنی میکانیزمێکی بەردەوام بۆ بەدواداچوونی رێککەوتنەکان.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا و دواین پەرەسەندنەکانی دۆسیەی نەوت و ئەنجامی کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێم لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەخرێنە روو، تاوەکو ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو بدات.

تەوەری سێیەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی خشتەی داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێم و تاوتوێکردنی کاریگەرییەکانی دۆخی ناوچەکە، هاوکات باس لە یەکلانەکردنەوەی دۆسیەی ئەسیکۆدا دەکرێت کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ و کاریگەری نەرێنی لەسەر دابینکردنی مووچە دروستکردووە.

ئاماری کۆبوونەوەکانی حکومەت کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران لە کاتژمێر 10:00ـی بەیانی لە هۆڵی مامۆستا سەعد لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت، جێی ئاماژەیە ئەمە تەنیا چوارەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانە لە پێنج مانگی رابردوودا، لە کاتێکدا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دەبوو تا ئێستا 20 کۆبوونەوە ئەنجام بدرایە، ئەم سستییە لە ساڵی رابردووشدا بەدی کراوە کە تەنیا 26 کۆبوونەوە لە کۆی 47 کۆبوونەوەی پێویست ئەنجامدراون.


AM:09:57:10/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 564 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت