وێستگەنیوز زانیاری لەبارەی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا و پرسی گەنم دەخاتەڕوو


وێستگەنیوز- بابان عومەر

ئەمڕۆ سێشەممە 9ی حوزەیرانی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان بە وێستگەنیوزی رایگەیاند، "هۆکاری دواکەوتنی سەردانی شاندی ئابووری هەرێمی کوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حکومەتی هەرێم دەیەوێت کۆمەڵێک راسپاردەی تایبەت لەبارەی سیستمی ئەسیکۆدا بداتە شاندەکە، تاوەکو لەسەر ئەو بنەمایە گفتوگۆ بکەن و مافە یاسایی و داراییەکانی هەرێم پارێزراوبن، بڕیاریشە رۆژی چوارشەممە 10ی حوزەیرانی 2026، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆببێتەوە و بەرچاوڕوونی تەواو بداتە لیژنە ئابوورییەکە بەرلەوەی بچنە بەغدا".


بەپێی زانیارییەکان، چوار خاڵی سەرەکی وەک خاڵی ناکۆک لە نێوان هەردوو حکومەت ماونەتەوە، کە بریتین لە: پرسی وەرگرتنی باجی گومرگی لە دەروازەکان و گەڕانەوەی 50٪ی داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا، پرسی هێمای بازرگانی، دابینکردنی دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ بازرگانان، هەروەها دۆسیەی لێخۆشبوونی گومرگی و چۆنێتی پاڵپشتیکردنی بەرهەمی خۆماڵی.

لە لایەکی دیکەوە، نەوزاد شێخ کامیل سەبارەت بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران وتی، " هەموو ئامادەکارییەکمان تەواو کردووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە وەرگرتنی دەکەین"، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمساڵ 400 هەزار تۆن گەنم بۆ هەرێم دیاری کراوە؛ بڕی 292 هەزار تۆنی بە نرخی 700 هەزار دینار و 108 هەزار تۆنەکەی دیکە بە نرخی 500 هەزار دینار وەردەگیرێت.

بەپێی وتەی نەوزاد شێخ کامیل، بڕی ئەو گەنمەی ئەمساڵ لەجوتاران وەردەگیرێت بەسەر شارەکاندا دابەشکراوە بەم شێوەیە: (150 هەزار تۆن بۆ سلێمانی،11 هەزار تۆن بۆ هەڵەبجە، 122 هەزار تۆن بۆ هەولێر و 116 هەزار تۆن بۆ دهۆک)، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی وتیشی، "ماوەی وەرگرتنی گەنمەکە لە مانگێک کەمتر نییە و ئەگەر پێویست بکات داوای زیادکردنی ماوەکە دەکەن".

بڕیارە شاندی هەرێم کە نوێنەری وەزارەتەکانی دارایی، بازرگانی، کشتوکاڵ و گومرگی تێدایە، هەفتەی داهاتوو لە بەغدا بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئابووری عێراق بکەن بۆ دەربڕینی بڕیاری کۆتایی لەسەر یەکخستنی سیستمە دارایی و بازرگانییەکان.


PM:12:11:09/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 548 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت