پۆلیسی هەولێر زانیاری لەسەر کوژرانی منداڵێک بڵاوکردەوە و چوار کەسی دەستگیر کرد


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ دووشەممە 8ی حوزەیرانی 2026، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی چوار تۆمەتباری راگەیاند کە تێوەگلاون لە رووداوێکی تەقەکردن لە شارەدێی کۆرێ، کە بەهۆیەوە منداڵێکی تەمەن چوار ساڵ گیانی لەدەستدا.


لە راگەیەندراوەکەدا پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، "شەوی 7ی حوزەیرانی 2026، رووداوێکی شەڕکردن و تەقەکردن لە نێوان دوو لایەن لە شارەدێی کۆرێ روویدا، لە ئەنجامدا ئۆتۆمبێلێکی جۆری (تۆیوتا لاندگرۆز - رەنگی رەش) زیاتر لە هەشت فیشەکی بەرکەوتووە، بەهۆی ئەو تەقانەشەوە منداڵێک بە ناوی (رۆژین محەمەد عەبدولڕەحمان) کە تەمەنی تەنها چوار ساڵ بووە و لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا بووە، فیشەکێک بەر قۆڵی راستی کەوتووە و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە".

هەروەها رایانگەیاندووە، "بەپێی بەدواداچونە سەرەتاییەکانی پۆلیس، کێشەی نێوان ئەو دو لایەنە رۆژێک پێشتر و لە کاتی یاری تۆپی پێ لە یاریگای کۆرێ دروستبووە، بەبێ ئەوەی هیچ لایەکیان سکاڵای فەرمی تۆمار بکەن، بەڵام شەوی دواتر لە ناو بازاڕی شارەدێیەکە دوبارە رووبەرووی یەکتر بونەتەوە و تەقە کراوە".

پۆلیسی هەولێر جەختی کردوەتەوە، کە لە ماوەیەکی پێوانەییدا هێزەکانیان بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی پیرمام توانیویانە چوار تۆمەتباری سەرەکی رووداوەکە دەستگیر بکەن کە بریتین لە: (م. ف . ک. ح)، (ف.ک.ح)، (ش.ج. ح) و ( ج.ج.ش)، لە ئێستادا هەر چوار تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و رێکارە یاساییەکانیان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.


PM:01:21:08/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو