رێواز فایەق: شەڕمان لەگەڵ پارتی نییە و ناگەڕێینەوە قۆناغی شەڕی ناوخۆ
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی حوزەیرانی 2026، رێواز فایەق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی هەڤپەیڤینی کەناڵی رووداو رایگەیاند، "شەڕمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان نییە و لەسەر پێکهێنانی حکومەت نێوانمان لەگەڵ پارتی خراپە، بەڵام ناگەڕێینەوە قۆناغی شەڕی ناوخۆ".
رێواز فایەق جەختی لەوەشکردەوە، یەکێتی پەیوەندیی لەگەڵ حزبەکان باشە، هەروەها وتی، "ئاساییە روانگەمان لەگەڵ پارتی جیاوازبێت، بەڵام پێکەوە بوونی یەکێتی و پارتی بۆ کوردستان باشترە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "مانەوەمان لە حکومەتی هەرێمی کورستان تاوەکو ئێستا بەخێری کەس نییە".
رێواز فایەق وتی، "رێککەوتنێک ناکەین هەستبکەین دۆڕاوین و ئێمە دانوستانی یەکتر تەواوکردن لەگەڵ پارتی دەکەین".
وتیشی، "هەفتەیەک شەڕی میدیامان راگرت، بەڵام حزبی بەرامبەر کە پارتییە راینەگرت".
لەمیانەی قسەکانیدا رێواز فایەق بای لە رێککەوتنی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ کرد و ئاماژەی بەوەدا، "ئێمە قسە لە کاک شاسوار وەردەگرین، بەپێی قسەی ئەوبێت هەموو ئەندامانی نەوەی نوێ لەگەڵمانن".
راشیگەیاند، "ئێمە بە شەفافی لەگەڵ دوو حزبی سیاسی رێککەوتنمان کردووە، لە ئانوساتێکی زۆر ئاسایی رێککەوتنەکە کراوە، چونکە کاک شاسوار شەش مانگ حوکمدرابوو، دوای ئەوەی تەمیز کرایەوە بوو بە پێنج مانگ، پێنج مانگەکەی خۆی تەواو کرد و هاتە دەرەوە ئینجا ئێمە لەگەڵی رێککەوتنین، ئەگینا یەکێتی ناتوانێت دۆسییە بۆ کەس دابخات".
باسی لەوەشکرد، "وەزیری دارایی هەرێم نازانێت هەموو داهاتی هەرێمی کوردستان چەندە، ئێمە وەزارەتێکی داراییمان ناوێت کە سەرجەم داهاتی هەرێمی کوردستان لەژێر سایەیا کۆ نەکرێتەوە، پێشتر یەکێتی بە ناچاری بەشداری حکومەتی کردووە و دەسەڵاتی نەبووە".
PM:03:38:07/06/2026
ئهم بابهته 496
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت