پێشەوا هەورامانی: مەسرور بارزانی دژی قاچاخی و تیرۆرکردنی خەڵکە و بۆ رێککەوتنی نیشتمانیش دەستی کراوەیە
وێستگەنیوز -
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نووسینێکدا تیشکی خستووەتە سەر شێوازی کارکردن و پرەنسیپەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و رایدەگەیەنێت، "سەرۆکی حکومەت پیاوێکی ئارام و میهرەبانە و هەمیشە جەخت لە رێزگرتن لە خەڵک دەکاتەوە"
وتەبێژی حکومەت ئاماژە بەوە دەکات کە مەسرور بارزانی "ئامادەی هەموو جۆرە رێککەوتن و دانوستانێکە بۆ چارەسەری کێشەکان، بەڵام توندە لە بەرامبەر ئەوانەی خەڵک تیرۆر دەکەن، سیاسییەکان زیندانی دەکەن و رۆژنامەنووسان دەکوژن"، وتیشی: "سەرۆکی حکومەت دژی قاچاخی و کارگەی ماددەی هۆشبەرە و دەیەوێت داهاتی شارەکان بۆ خزمەتی هاووڵاتییان بێت".
لە بەشێکی تری نووسینەکەیدا، پێشەوا هەورامانی بەسەرهاتێکی گێڕاوەتەوە و دەڵێت، کاتێک داوای لە سەرۆک وەزیران کردووە بابەتێک کە بە قاچاخ هاتووە چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی سودی لە هەڵبژاردندا هەبێت، مەسرور بارزانی رەتی کردووەتەوە و وتوویەتی: "شتێک باس مەکەن لەگەڵ مەبادئی ئێمە یەک نەگرێتەوە، ئەگەر هەزاران دەنگیشی پێ بەدەست بێت، ئێمە بە رێگای راست و خزمەت و پڕۆژە دەنگ کۆدەکەینەوە".
هەروەها باسی لەوەش کردووە، مەسرور بارزانی "دەیەوێت پێشمەرگە هەمیشە وەک پارێزەر و خزمەتکاری خەڵک بمێنێتەوە نەک بەکاربهێنرێت بۆ ئازاردانی هاووڵاتییان و کارە نامرۆڤانەکان لە زیندانەکاندا"، جەختیشی کردەوە کە سەرۆکی حکومەت دەستی هاوکاری بۆ هەموو ئەوانە درێژ دەکات کە خەمی نیشتمان و کوردایەتییان لەسەر شانە.
پێشەوا هەورامانی لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد، "هەرچەندە سەرۆک وەزیران پیاوێکی بێدەنگە و حەزی بە هەڵا نییە، بەڵام کردارەکانی لەم کابینەیەدا هەرێمی کوردستانیان بردووەتە قۆناغێکی نوێوە و خەڵکیش شاهیدی ئەم گۆڕانکارییانە دەدەن".
PM:11:55:06/06/2026
ئهم بابهته 396
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت