قوباد تاڵەبانی: ئەمڕۆ دوو ئیدارەمان هەیە و سنوورێک هەیە لەنێوان ئەمدیو و ئەودیو
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ شەممە 6ی حوزەیرانی 2026، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کۆڕبەندی دێڵفی لە سلێمانی لە دیدارێکی تایبەتدا بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، "پێشوازی لە پەیامەکەی مەسعود بارزانی دەکەین لەبارەی پکهێنانی حکومەتەوە و هیوادارین پەیامەکەی جێبەجێ بکرێت".
ئاماژەی بەوەکرد، "لەگەڵ نەوەی نوێ رێککەوتنمان کردووە و کورسییەکانمان نزیکە لە پارتی".
جەختی لەوەشکردەوە، "ناڕازین لە شێوازی بەڕێوەبردنی ئێستای هەرێمی کوردستان، پێمان وایە فەلسەفە و شێوازی حوکمڕانی لە کابینەی دەیەم دەبێت جیاوازبێت، هەروەها باوەڕمان بە قەوارەی هەرێم هەیە و خەباتمان بۆ کردووە".
قوباد تاڵەبانی باسی لە دوو ئیدارەیی کرد و وتی، "بەداخەوە ئەمڕۆ دوو ئیدارەمان هەیە و سنوورێک هەیە لەنێوان ئەمدیو و ئەودیو، دەمەوێت یەک ئیدارە و دەستوور و یاسای بودجەمان هەبێت و دەسەڵاتەکان دیاری بکرێن".
وتیشی، "ناکرێت بۆ هەموو پرسێک بوترێت بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی، دەبێت درک بەوە بکرێت لە هەرێم وەزارە و شارەوانی هەیە و کاری خۆیان بکەن".
باسی لەوەشکرد، "دەبێت فەرهەنگی حوکمڕانی لە هەرێم بگۆڕێت و وەلا بۆ شەخس نەمێنیت".
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەروو، "تائێستا جیاوازی هەیە لەنێوان یەکێتی و پارتی لەسەر فەرهەنگی حوکمڕانی، بەڵام هەوڵ هەیە بۆ لێکنزیککردنەوەی یەکێتی و پارتی".
راشیگەیاند، "عێراق بەرەو گۆڕانکاری هەنگاو دەنێت و دیدگای نوێی بەرامبەر بە جیهان هەیە".
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشکرد، "فەوزای سیاسی لە سلێمانی نەماوە و میدیا ئازادە و ئۆپۆزسیۆن کاری خۆی دەکات".
جەختی لەوەشکردەوە، "دیدگای ئەمڕۆی یەکێتی جیاوازە و هاوشێوەی رابردوو سەرقاڵی کێشەی ناوخۆیی نین و لە بەغدا کاریگەریمان هەیە و سیاسەتی مام جەلال پەیڕەو دەکەین".
وەک قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بۆ کرد، "هەرێم کاتێک بەهێز دەبێت بەشداربێت لە بڕیارەکانی عێراق نەک خۆی دوورە پەرێزبگرێت، هەروەها بەرژەوەندیی هەرێم لەوەدایە ئابووریی عێراق بەهێزبێت".
PM:09:55:06/06/2026
ئهم بابهته 336
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت