بافڵ تاڵەبانی: بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە نوێیانە دەکەین کە کراونەتە سەر هەرێم
وێستگەنیوز-
لە پەیامێکدا بە بۆنەی یادی دامەزراندنی یەکێتیی، بافڵ
جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێرشە درۆنی و موشەکییەکانی
ئەم دواییانەی سەر هەرێم ئیدانە دەکات و دەنوسێت "کردەوەی لەم جۆرە هەڕەشە لە
سەلامەتی و سەقامگیریی خەڵکەکەمان دەکات و هەوڵەکان بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی
ئارام و خۆشگوزەران بۆ هەموو عیراقییەکان تێکدەدەن".
دەقی پەیامەکە:
لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، لەم
دۆخە سەختە ئابووری و ناسەقامگیرییە هەرێمییەی کە خەڵکەکەمانی تێدایە، ئەوە دووپات
دەکەینەوە کە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی خۆماندا هاوپشت و هاوسەنگەرین.
دەمەوێت لە ناخی دڵمەوە سوپاسی کۆمەڵانی خەڵکی خۆمان بکەم بۆ
ئارامگرتن و خۆڕاگرییان و دڵنیایان دەکەینەوە کە لەسەر هەوڵە بێوچانەکانمان بەردەوام
دەبین بۆ خزمەتکردن و پاراستنیان. لە هەنگاوەکانی داهاتووماندا، یەکڕیزیی عیراق و
گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان وەک دوو کۆڵەکەی سەرەکی بۆ سەرکەوتنی وڵاتەکەمان دەمێننەوە.
لەپێناو ئەمەشدا، لەگەڵ هاوپەیمان و دۆستەکانمان لە عیراق و سەرانسەری جیهان هەوڵەکانمان
چڕتر دەکەینەوە.
هەروەها بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە نوێیانە دەکەین کە
کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان. کردەوەی لەم جۆرە هەڕەشە لە سەلامەتی و سەقامگیریی
خەڵکەکەمان دەکات و هەوڵەکان بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی ئارام و خۆشگوزەران بۆ هەموو
عیراقییەکان تێکدەدەن.
لەم یادەدا، رێز لە میراتی بەردەوامی سەرۆک جەلال تاڵەبانی
دەگرین، کە دیدگای بۆ پێکەوەژیان، دیالۆگ، دیموکراسی و هاوبەشیی نیشتمانی بەردەوام
رێنیشاندەری رێگەکەمانە.
بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیرییەکی بەردەوام، دەبێت بە جددی کار
بکەین بۆ چاککردنەوە و بونیادنانی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا، لە هەمان
کاتدا دڵنیاببینەوە لەوەی کە عیراق بە سەربەخۆیی و سەروەریی خۆیەوە دەمێنێتەوە.
لە کۆتاییدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڵێنە نەگۆڕەکەی
دووپات دەکاتەوە، بۆ خەباتکردن لەپێناو تەواوی مافەکانی گەلی کورد لە هەموو شوێنێک،
شانبەشانی خوشک و برا سەربەرزەکانمان لە عیراق.
هەر شاد و سەرکەوتووبن
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
PM:04:51:01/06/2026
ئهم بابهته 352
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت