تیمی کوردستانی عێراقی CPT: لە ماوەی سێ مانگدا 751 هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان


وێستگەنیوز-

تیمی کوردستانی عێراقی CPT ئاماری سێ مانگی لە هێرشەکانی ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.


بەپێی راپۆرتەکەی تیمی کوردستانی عێراقی CPT بێت، لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی ئێران لە 28ی شوباتی 2026، هەرێمی کوردستانی عێراق ڕووبەڕووی شەپۆلێکی بەردەوام لە هێرشی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارییە هاوپەیوەندەکانی لە عێراق بووەتەوە، لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا کە لە 28ی شوبات بۆ 28ی ئایارە 751 هێرشی تۆمارکراوە کە بوونەتە هۆی کوژرانی 22 کەس و برینداربوونی 112 کەسی دیکە.

وەک ئاماژەی پێدراوە، "647 هێرش لە 40 ڕۆژی یەکەمدا و پێش ئاگربەستی 8ی نیسان روویانداوە، لایەنە ئەنجامدەرەکانی هێرشەکان، گرووپە هاوپەیوەندەکانی ئێران لە عێراق بەرپرسیارن لە 60.3% هێرشەکان و هێزەکانی ئێران بەرپرسیارن لە 39.7% هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، جۆری هێرشەکان لە 78.4%ی سەرجەم هێرشەکان لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژەوە ئەنجامدراون".

ئەوەشخراوەتەڕوو، "جوگرافیای هێرشەکان، سنووری پارێزگای هەولێر بەردەوام ئامانجی سەرەکی هێرشەکان بووە و لە 78.3%ی سەرجەم هێرشەکانی بۆ سەر سنوری ئەو پارێزگایە بووە، شوێنە بە ئامانجگیراوەکان لە 37.4% هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان بووە، لە 31.7%ی تری هێرشەکان بۆسەر شوێنی مەدەنی نشین، کۆمپانیا، بارەگاکانی وەزارەتی پێشمەرگە و دامەزراوە سەربازییەکانی نا بەشدار لەو شەڕە بووە، لە 30.9%ی هێرشەکان بۆسەر کامپی پەنابەران و بارەگای حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە".

رێکخراوەکە دەڵێت، "سەرباری راگەیاندنی ئاگربەست لە 8ی نیسان، هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان نەوەستان، تیمی کوردستانی عێراقی CPT، لەماوەی ئاگربەستدا 104 هێرشی بۆسەر هەرێمی کوردستان تۆمارکردووە. لە هێرشەکانی ماوەی ئاگربەستدا، کۆمەڵێک گۆڕانکاری بەدی دەکرێت:

- گۆڕانی ئامانجەکان: لە 82.7%ی هێرشەکانی ماوەی ئاگربەست، بۆسەر حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کامپەکانیان بوون.

- گۆڕانی لایەنی ئەنجامدەر: لەماوەی ئاگربەستدا هێزەکانی ئێران بوونە ئەنجامدەری سەرەکی هێرشەکان بەرپرسیارن لە نزیکەی 98%ی هێرشەکانی ماوەی ئاگربەست.

- قوربانیان: سەرجەمی قوربانییانی ماوەی ئاگربەست کە 5 کوژراو و 17 بریندارن، ئەندامی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن.

رێکخراوی CPT لە راسپاردەیەکدا بۆ سەرجەم لایەنەکان ئەوەی خستووەتەڕوو، "گەیشتن بە رێککەوتنێکی پابەندکەر کە وەستاندنی تەواوەتی هێرشەکان لە خاکی هەرێمی کوردستان مسۆگەر بکات".

هەروەها داواش لە حکومەتی عێراق دەکات، "ئەرکی پاراستنی سەروەری خاکی عێراق و پرساندن و لێپێچینەوە لە کۆماری ئیسلامی ئێران و گرووپە هاوپەیوەندەکانی ئێران لە عێراقدا بگرێتە ئەستۆ".

راسپاردەی رێکخراوەکە بۆ هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەوەیە، "دابینکردنی قەرەبووی خێرا بۆ ئەو هاوڵاتییانەی زیانیان بەرکەوتووە، بەپێی یاسای ژمارە 20ی ساڵی 2009 و یاسای هەموارکراوی ژمارە 57ی ساڵی 2015".


PM:03:26:01/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت