نێچیرڤان بارزانی: یەکێتی هەمیشە خاوەن پێگەیەکی گرنگ و کاریگەر بووە لە پرۆسەی سیاسی


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ 1ی حوزەیرانی 2026، لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی کرد.


لە پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی هاتووە، "له‌ ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، به‌ گه‌رمى پيرۆزبايى لە بەڕێزتان و سەرکردایەتی و ئەندامان و تەواوی جەماوەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم، لەم یادەدا پێگەی مێژوویی و خه‌بات و تێکۆشانی خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال بەرز دەنرخێنین و به ڕێزه‌وه‌ يادى ده‌كه‌ينه‌وه‌‌".

ئاماژەی بەوەکرد، "یەکێتی كه‌ مێژوويه‌كى درێژى خه‌باتى له‌پێناو مافه‌كانى گه‌لى كوردستاندا هه‌يه‌ و له‌م ڕێگه‌يه‌دا به‌ هه‌زاران شه‌هيدى داوه‌، هەمیشە خاوەن پێگەیەکی گرنگ و کاریگەر بووە لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراقدا، لەم یادەدا دووپاتی دەکەینەوە كه‌ زیاتر لە هه‌موو كاتێك بەرپرسیاريه‌تیی هاوبەش، تەبایی و کاری پێکەوەیی لەنێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکاندا پێويسته‌، تا پێکەوە بتوانین پارێزگاری لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و مافەکانی گەلى كوردستان بکەین".

لە کۆتایی پەیامەکەشدا هاتووە، "هیواخوازم ئەم بۆنەیە ببێتە دەرفەتێکی نوێ بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی و باڵادەستکردنی زمانی گفتوگۆ و لێکگەیشتن لەپێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، سەقامگیری، گەشەپێدان و داهاتوویەکی باشتر و شایستە بۆ گەلی کوردستان".


AM:10:24:01/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو