قوباد تاڵەبانی: یەکێتی هاوپەیمانی بەهێزی هەیە و بە سیاسەتی ژیرانە و حەکیمانە لە سەختترین ساتەوەختەکاندا دەرگا بەڕووی چارەسەردا دەکاتەوە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ 1ی حوزەیرانی 2026، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ساڵی 1975 دوای ئەو تاڵاوی شکست و تەمی بێ هیواییەی باڵی سەر کوردستاندا کێشابوو، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چەندە پێویست بوو بۆ گەڕاندنەوەی ورە و هیوا و بۆ رێکخستنەوەی خەڵک و جۆشدانەوەی خەباتی مافخوازانە و رزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان، ئێستاش دوای 51 ساڵ، بە هەمان ئەندازە یەکێتی پێویستە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان".
دەڵێت، "بۆ؟، چوونکە یەکێتی لە بەغدا و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا ئەو هێزەیە هەمووان بە رێزەوە حیساب بۆ هەڵوێست و سیاسەتەکانی دەکەن، هاوپەیمانی بەهێزی هەیە و بە سیاسەتی ژیرانە و حەکیمانە لە قورسترین قەیرانەکاندا و سەخت ترین ساتەوەختەکاندا دەرگا بەڕووی چارەسەردا دەکاتەوە".
دەشڵێت، "ئێستا هەمووان بوونی یەکێتی لە بەغدا وەک گەرەنتییەک بۆ پاراستنی مافەکانی کورد و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەموو عێراق دەبینن".
قوباد تاڵەبانی نووسیویەتی، "بۆ ناوخۆی کوردستانیش ئاشتی و ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری باوەڕی نەگۆڕی یەکێتییە. ئامانجی یەکێتی لە گەڕاندنەوەی هاوسەنگی هێز بۆ چەسپاندنی دیموکراسی و دادپەروەری و باشترکردنی خزمەتگوزاری و دۆخی ژیانی هاوڵاتییانە بەبێ هیچ جۆرە جیاوازی دانانێک".
ئاماژەی بەوەشداوە، "هەر لە سۆنگەی باوەڕمان بە دادپەروەری و باشترکردنی ژیانی هاوڵاتییان سیاسەتی یەکێتی لەم قۆناغەدا گرنگیدانە بە گەشەپێدانی هاوسەنگ و بووژانەوەی ئابووریی قەزا و ناحییەکان، وەک پێشتر بەڵێنمان داوە و ئێستاش دووپاتی دەکەینەوە، خزمەتکاری خەڵکی کوردستان دەبین. بەرژەوەندی و خواستی چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان، بەرژەوەندی و خواست و هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە".
وەک قوباد تاڵەبانی دەڵێت، "لە یادی 51 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بە ڕێز و شکۆوە یادی هەموو شەهیدانی یەکێتی دەکەینەوە و سڵاو دەنێرین بۆ سەرۆک مام جەلال و ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر و هەموو ئەو هەڤاڵ و ئازیزانەی بە خەبات و تێکۆشانی یەکێتییەوە ماندووبوون، هەروەها پیرۆزباییەکی گەرم لە هەموو هەڤاڵان و جەماوەری دڵسۆزی و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی یەکێتی دەکەین. دڵنیاین یەکێتی بە پشتیوانی و بە خەمخۆری جەماوەرەکەی هەر دەمێنێت و هەر گەشە دەکات و هەر وەک هێزی جێی هیوا و متمانەی خەڵکی کوردستان دەمێنێتەوە".
AM:09:06:01/06/2026
ئهم بابهته 276
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت