قائانی داوای رادەستکردنەوەی سەرکردەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات


وێستگەنیوز-

رۆژنامەی عەرەبی جەدید ئاشکرایدەکات لە دوایین سەردانی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودس بۆ بەغدا، داوای دەرکردنی هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە سەرانسەری عێراق کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (العربي الجديد)، تاران بە فەرمی داوای لە حکومەتی بەغدا کردووە کە ئەو گرووپە کوردییانە بە یەکجاری و بە تەواوی لە خاکی عێراق دەربکات. لەم چوارچێوەیەدا، ئێران ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی ساڵی 2023ی نێوان هەردوو وڵاتی بە هەڵوەشاوە داناوە و هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە ئەگەر داواکارییەکانی جێبەجێ نەکرێن، ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی کەمپ و پێگەکانی ئەو هێزانە ئەنجام دەدات.

لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی عێراقی لە بەغدا و سیاسەتمەدارێکی دیاری کورد لە هەولێر ئاشکرایان کردووە کە چەندین بەرپرسی باڵای ئێرانی پەیامیان ئاراستەی عێراق کردووە. لە پەیامەکاندا جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنە ئەمنییەکاندا بکرێت، چونکە بە بڕوای تاران، ئەو ڕێکەوتنانە هیچ سوودێکی ئەمنییان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران نەبووە.

هاوکات، بەرپرسێک لە ڕاوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاندوە کە ئێرانییەکان داوای چۆڵکردنی تەواوەتیی خاکی عێراق لەو گرووپە ئۆپۆزسیۆنانە دەکەن. تاران دەیەوێت هەمان ئەو هەنگاوە دووبارە بکرێتەوە کە لە ساڵی 2012 لە سەردەمی حکومەتی نووری مالیکی بەرامبەر بە ڕێکخراوی "موجاهیدینی خەلق" گیرایەبەر، کە تێیدا هەزاران ئەندامی ئەو ڕێکخراوە لە عێراق دەرکران.

لە هەمان کاتدا، سیاسەتمەدارێکی کورد و ئەندامێکی دیاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەی زیاتری داوە و ڕایگەیاندووە کە لە دوایین سەردانی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودس بۆ بەغدا، بە ڕاستەوخۆیی داوای دەرکردنی هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە سەرانسەری عێراق کردووە. تاران بە ڕوونی ئاماژەی بەوە کردووە کە تەنها بە دوورخستنەوەیان لە ناوچە سنوورییەکان ڕازی نابێت.

لە درێژەی فشارەکاندا، قائانی لیستێکی پێشکەش کردووە و داوای ڕادەستکردنەوەی ژمارەیەک ناوی دیاریکراوی کردووە کە لە ڕیزی یەکەمی سەرکردایەتیی ئەو هێزە کوردییانەدان. تاران ئەو سەرکردانە تۆمەتبار دەکات بەوەی لە کاتی شەڕەکاندا لایەنگرییان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەبووە.

سەبارەت بەم خواستەی ئێران، ئەو سیاسەتمەدارە کوردە ئەگەری ڕادەستکردنەوەی هەر کەسایەتییەکی ئەو هێزانەی بە کۆماری ئیسلامی ئێران بە توندی ڕەتکردەوە. هۆکاری ئەم ڕەتکردنەوەیەشی گەڕاندەوە بۆ ڕەچاوکردنی پرسی نەتەوەیی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و هەروەها هەستیاریی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی ئەمریکا. لە کۆتاییدا، ئەو سیاسەتمەدارە پێی وایە ئەم کۆمەڵە داواکارییەی ئێران بە واتای کۆتایهێنان دێت بەو ڕێککەوتننامەیەی کە لە مانگی ئابی 2023 لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کرابوو.


PM:03:11:26/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 48 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت