"خورشید هەرکی بڵقی سەر ئاوە و فەرماندە نیە"
وێستگەنیوز-
برازایەکی خورشید هەرکی لە کۆنگرەیەکی
رۆژنامەنوسی باسی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی و مامی دەکات و ئەو بە "بڵقی
سەرئاو" ناولێدەبات. ئەمڕۆ خورشید هەرکی، کەسایەتی دیاری هۆزی هەرکی بە وێستگەنیوزی
راگەیاندبوو کە هەوڵی تیرۆرکردنی دراوە.
مەحمود هەرکی، برازای خورشید هەرکی، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا
ئاماژەی بە ڕەگی مێژوویی کێشەکانیان کرد و ڕایگەیاند، "لە ساڵی 2013ەوە لەگەڵ خورشید هەرکی کێشەی کۆمەڵایەتیمان هەیە.
ناوبراو لە ساڵی 2015ەوە بەردەوام دژایەتیمان دەکات و ڕێگریمان لێدەکات
لە سنووری قەزای خەبات کار و چالاکییەکانمان ئەنجام بدەین."
لە درێژەی قسەکانیدا، هێرشی توندی کردە سەر پێگەی
مامی و وتی، "خورشید هەرکی وای لێهاتووە بەردەوام سیناریۆ دروست دەکات؛ ئەو هەر
کاتێک دەبینێت ناوی لە ناو سۆشیال میدیادا نامێنێت، دێت و سیناریۆیەک دەهێنێتە
ئاراوە. خورشید هەرکی تەنها بڵقی سەر ئاوە، نە فەرماندەیە و نە بە شێوازێکی یاساییش
هیچ پلەیەکی سەربازی هەیە."
برازاکەی خورشید هەرکی وتیشی، "من خاوەنی
کۆمپانیام و نزیکەی 150 کارمەند لەلای من کار دەکەن، بەڵام زۆربەی
جار کارمەندەکانی من لەلایەن چەکدارەکانی ئەوەوە ڕفێندراون. تەنانەت لە ئێستاشدا مەترسیی
ڕاستەقینە لەسەر ژیانی من هەیە، چونکە چەکدارەکانی خورشید هەرکی چوونەتە سەر کۆمپانیاکەم
و کەرەستەکانی کارکردنمان، لەوانە کرێن و شۆفڵەکانی ئێمەیان لە شوێنەکە دەرکردووە."
لە کۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، مەحمود هەرکی
بێئومێدیی خۆی لە دامەزراوە کارگێڕییەکانی ناوچەکە نیشاندا و جەختی کردەوە،
"نە قایمقام و نە پارێزگار، هیچ کامێکیان توانای کۆنترۆڵکردن و سنووردارکردنی
کێشەکانی خورشید هەرکییان نییە."
بەیانی ئەمڕۆ خورشید هەرکی، کەسایەتی دیاری هۆزی
هەرکی بە وێستگەنیوزی راگەیاند: هەوڵی تیرۆرکردنم دراوە، بەڵام هیچ تەقەیەک نەکراوە.
PM:10:34:22/05/2026
ئهم بابهته 876
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت