شارەوانیی سلێمانی: قوربانیکردن لە شەقام و گەڕەکەکان قەدەغەیە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئایاری 2026، لە راگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، رایگەیاند؛ پێویستە قوربانیکردن لە کوشتارگەکاندا و کاری ئاژەڵداریش لە مەیدانی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵان بکرێت، بە پێچەوانەشەوە لەسەر شەقام و گەڕەک و ناو ماڵاندا رێگەپێدراو نییە و سەرپێچیکاران رووبەڕوو رێکاری یاسایی دەکرێنەوە.

راشیگەیاند؛ لەو پێناوەشدا داواکارین لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و مامۆستایانی ئاینی بەشداریی هەڵمەتێکی هۆشیاریی بکەن و لەسەر ئەم بابەتە هانی خێرخوازان بدەن کە پابەندبن بە رێنماییەکانی شارەوانیی و قایمقامییەتی پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ڤێرتێرنەری سلێمانی، تاوەکو لە كوشتارگەكان ئاژەڵەكانیان بۆ قوربانیكردن ئامادە بکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە هاووڵاتییان خاوێنی شۆستە و شەقامەکان رابگرن و سەرپێچی رێنماییەکان نەکەن، چونکە بەو کارە دەبنە هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی و شێواندنی ژینگە و پیسکردنی شۆستە و شەقامەکان، و تیمەکانمان لە بەشی خزمەتگوزاریی و زیادەڕەویی بە هاوکاریی لیژنە هاوبەشەکان رۆژانی جەژن لە ئەرکدا دەبن بۆ پاراستنی خاوێنی و تەندروستی هاوڵاتییانی خۆشەویست.


PM:03:39:21/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت