پارتی: کاراکردنەوەی پەرلەمان لەم دۆخەدا پێویستییەکی نیشتمانییە
وێستگەنیوز-
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی
کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، لە یادی 34 ساڵەی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی
کوردستان دا رایگەیاند، پاراستنی پەرلەمان پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە و جەختیش
لە کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکاتەوە وەک "پێویستییەکی نیشتمانی و دەستووری".
رۆژی سێشەممە، 19ی ئایار
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بەبۆنەی تێپەڕبوونی 34
ساڵ بەسەر ئەنجامدانی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی (19ـی ئایاری 1992)، بەیاننامەیەکی
بڵاوکردەوە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەم یادە مێژووییە یەکێکە لە "گرنگترین
وێستگەکانی دامەزراندنی قەوارەی سیاسی و یاسایی و دامەزراوەیی هەرێمی کوردستان".
فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی
بەوە کردووە کە پەرلەمانی کوردستان بنەمایەکی سەرەکییە بۆ ئەوەی ئیرادەی هاووڵاتییان
ببێتە سەرچاوەی دەسەڵات و شەرعییەت، دەشڵێت: "پاراستنی پەرلەمان، پاراستنی قەوارەی
هەرێمی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستانە لە عێراق، کە بە خەباتێکی
دوورودرێژ و قوربانیی بێشومار هاتووەتەدی."
سەبارەت بە دۆخی ئێستای
پەرلەمان و ئایندەی دامەزراوەکە، فراکسیۆنی پارتی دەڵێت: "فراکسیۆنەکەمان پێشوازی
لە هەر دەستپێشخەرییەک دەکات بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، تاوەکو ئەم دامەزراوە
گرنگە بتوانێت رۆڵی سرووشتی و یاسایی خۆی جێبەجێ بکات."
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا
جەخت لەوە کراوەتەوە کە کاراکردنەوەی پەرلەمان لەم دۆخەدا "پێویستییەکی نیشتمانی،
دەستووری و دامەزراوەییە"، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی ئەو دۆخە هەستیارەی ناوچەکە
تێیدایە، کە پێویستی بە پەرلەمانێکی کارا هەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی
هەرێمی کوردستان.
AM:10:18:19/05/2026
ئهم بابهته 328
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت