چالاکوانێکی بواری جینۆساید: لە 80% گۆڕە بە کۆمەڵەکانی عێراق قوربانیانی کوردن


وێستگه‌نیوز – محەمەد فاتیح

نووسەر و چالاکوانێك له بواری جینۆساید لە رۆژی نیشتیمانی گۆڕی بە كۆمەڵ لە عێراق، باس لە گۆڕە بە كۆمەڵەكانی كورد و جینۆسایدكراوانی كورد دەكات.


ئەمڕۆ شەممە 16ی ئایاری 2026، هێمن حەسیب، نووسەر و چالاکوان له بواری جینۆساید بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "لە کۆی (171) گۆڕی بە کۆمەڵی سەردەمی بەعس، کە لە ماوەی (23) ساڵی رابردوو لە عێراق هەڵدراونەتەوە، تەنها (24) گۆڕی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوان و (5) گۆڕی بە کۆمەڵی جینۆسایدکراوانی بارزانی هەڵدراونەتەوە".

وتيشى، "هەرچی سەبارەت به ژمارەی قوربانیانە، کە لە نێو گۆڕە بە کۆمەڵەکان دەرهێنراون، تائێستا (1900) رووفاتی ئەنفالکراو لە گۆڕی بە کۆمەڵ هەڵگیراونەتەوە و هەرچی رووفاتی جینۆسایدکراوانی بارزانییە، تائێستا (696) رووفات لە پێنج گۆڕی بە کۆمەڵ هەڵگیراونەتەوە".

باسی لەوەشكرد، "تائێستا لە هەرێمی کوردستان، ڕۆژێکی نیشتمانی نییە بۆ یادی قوربانیانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، لە کاتێکدا لە 80% ى گۆڕە بە کۆمەڵەکانی عێراق، گۆڕی قوربانیانی کوردن".

بە وتەی هێمن حەسیب، دیاریکردنی ڕۆژی 16 ئایار، بە ڕۆژی نیشتمانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژی هەڵدانەوەی دوو گۆڕی بە کۆمەڵی قوربانیانی ڕاپەڕینی شەعبانیە لە ناوچەی مەحاویل لە پارێزگای بابل لە ڕۆژی (16 ئایاری 2003)، واتا بە مانگێك دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس.


PM:04:59:16/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 24 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت